سەردێڕ:

هۆشیار زێباری بانگهێشتی دادگا دەکرێت

AM:11:10:17/05/2022

14256 جار خوێندراوەتەوە

دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ لە شاری بەغدای پایتەخی عێراق بانگهێشتی هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی کرد بە تۆمەتی سوکایەتی کردن بە دادگای باڵای فیدڕاڵی کە باڵاترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە عێراق.


ئەمڕۆ سێشەممە، چاوگێک لە دادگای لێکۆڵینەوەی بەشی کەرخ لە شاری بەغداد ئاشکرای کرد، بەتۆمەتی سوکایەتی کردن بە دادگای باڵای فیدڕاڵی، هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی بانگهێشتی دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ دەکرێت.

 

چاوگەکە ئاماژەی بەوەشداوە، لەسەر سکاڵایەک کە لە رێکەوتی ١٦ی ٥ی ٢٠٢٢ لەلایەن نوێنەری یاسایی دادگای باڵای فیدڕاڵییەوە لەبارەی "تاوانی سوکایەتی کردن بە دادگا بەشێوەیەکی دووبارە" لەسەری تۆمارکراوە، دادگا بڕیاری بانگهێشتکردنەکەی بۆ دەرکردووە.

لە ماوەی رابردوودا بەهۆکاری لێسەندنەوەی متمانەی خۆ کاندید کردنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق و قەدەغەکردنی فرۆشتنی نەوت و غازی هەرێم لەلایەن دادگای باڵای فیدڕاڵی عێرقەوە، هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی چەندین جار رەخنەی لەو دادگایە گرت و بڕیارەکانیشی بە سیاسی وەسفکرد.

دوێنێش، جارێکی دیکە هۆشیار زێباری بڕیاری دادگاکەی لەبارەی رەتکردنەوەی پرۆژە یاسای ئاسایشی خۆراکەوەی بە "بڕیارێکی لایەنگرانە بۆ لایەنێکی سیاسی و زیان گەیاندن بە هاوڵاتییان و ئاسایشی خۆراک وئابوری عێراق" وەسفکرد.

 













گەلەری