وەزیری دەرەوەی نەمسا رایگەیاند، وڵاتەکەی بەنیازنییە ببێتە ئەندام لە پەیمانی باکوری ئەتڵەسی "ناتۆ"دا. دەشڵێت، "هەڵکەوتەی شوێنی جوگرافی و مێژوویمان جیاوازە و لەبەرامبەر جەنگیشدا بێ لایەن نەبووین".
ئەلێکسەندەر شاڵنبێرگ وەزیری دەرەوەی نەمسا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، وڵاتەکەی بەنیازنییە ببێتە ئەندام لە پەیمانی باکوری ئەتڵەسیدا.
ئاماژەی بەوەشدا، "هەڵکەوتەی شوێنی جوگرافی و دۆخی
مێژوویمان تەواو جیاوازە، هەربۆیە پێویستە ئەم دوو تایبەتمەندێتییە بەهەند
وەربگیرێت".
ئەلێکسەندەر شاڵنبێرگ ئەوەشی خستەڕوو، نەمسا وڵاتێکی
بێلایەن نییە، لەکاتی جەنگدا هیچ وڵاتێک بێلایەن نییە، ئەوان هەڵوێستی خۆیان
ئاشکرا کردووە و لە سەپاندنی سەرجەم سزاکاندا بۆ سەر روسیا بەشدارییان کردووە و هاوکاری
گەل و حکومەتی ئۆکرانیاشیان کردووە.
هەروەها، لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئەگەر ئاسایشی نەمسا
کەوتە بەر مەترسییەوە چی هەڵوێستێکییان دەبێت؟ وەزیری نەمسا وتی، "بە هیچ
شێوەیەک ناکرێت بە توانایی و ئامادەباشی هێزی سەربازی و سوپای نەمسا بە هەند
وەرنەگیرێت".
ئاشکراشی کرد، ئەوان بەباشی دەزانن پارە بە ئامانجی
پاراستنی ئاسایشی نەمسا کۆبکەنەوە. وتیشی، "پێویستە لەوە تێبگەین جیهان لەو
قۆناغی دۆستایەتییەدا نەما کە ئاواتمان بۆ دخواست".
ئەمە لەکاتێکدایە، هەریەک لە سوید و فینلەندا بە فەرمی
بڕیاریانداوە بچنە ناو پەیمانی ناتۆوە و روسیاش بەردەوامە لە ئۆپراسیۆنە
سەربازییەکانی لە ئۆکرانیا و پێشتریش هۆشداری دابوو بەو دوو وڵاتە لە ئەگەری بوون
بە ئەندامییان لە پەیمانی باکوری ئەتڵەسی و روسیا وەک دوژمنی خۆی مامەڵەیان
لەگەڵدا دەکات.