ئاژانسی ئاسمانی ئەمەریکی ناسا لە لاپەڕەی فەرمی خۆی وێنەیەکی نامۆی بڵاوکردووەتەوە کە گومانی دروستکردووە لەبارەی بوونی ژیان لەسەر هەسارەی مەریخ.
لە ساڵی ٢٠١٢دا، کەشتی ئاسمانی کیریۆسیتی وێنەیەکی سەر مەریخی گرتووە کە لە هەفتەی رابردوودا ناسا بڵاویکردووەتەوە و تێیدا دەرگایەک دەرکەوتووە کە لەوە دەچێت دەرگای ئەشکەوتێک بێت لەناو شاخێکی بەردەیندا لە مەریخ.
وێنەی ئەم دەرگایەش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە دەرگاکانی گۆڕی فیرعەونییەکان
لە میسر لێکچوێنراوە، هەر ئەمەش وایکردووە وێنەکە ببێتە جێگەی باس و زۆر کەس گومانیان
لەوەیە کە دەکرێت ئاماژەبێت بۆ بوونی ژیان لەسەر ئەو هەسارەیە.
بەگوێرەی وێنەکە وادەردەکەوێت کە ئەو دەرگایە دەروازەیەکی چوونەژوورەوە بێت
بۆ حەشارگەیەک لەسەر مەریخ، یاخود "دەرگایەك بێت بۆ جیهانێکی دیکە، بۆ ئیلهامی
فیلمێکی خەیاڵی زانستی یان دوو فیلم" وەک لە هەواڵێکی ماڵپەڕی "ساینس ئەلێرت"دا
هاتووە.
بەشێك لە پسپۆڕانیش لە وەڵامی ئەو تێروانین و بیرکردنەوانەدا وتوویانە، ئەو
دەرگایە بەهۆی پێکهاتنی بەردیی ئەو شاخەوە بە رێکەوت دروست بووە، وادەردەکەوێت کە
دەرگایەكی دروستکراوبێت، بەڵام لەڕاستیدا وانیە و تەنها رێکەوتێکە.
هاوکات، شارەزایەکی بواری گەردوونی ئاشکرایکردووە، کە ئەو پێکهاتە بەردییە
دروستبووەی لەشێوەی دەرگادایە بە قەبارەی دەرگای خۆمان نییە، بەڵکو بەرزییەکەی تەنها
چەند سانتیمەترێك دەبێت.