وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا رایگەیاند، ئەو هێزانەی وڵاتەکەی کە بەرگری لە شاری خارکێڤ دەکەن توانیویانە سوپای روسیا لە شارەکە دەربکەن و بەرەو سنورەکانی روسیا پێشڕەوی بکەن.
وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، فەوجی ٢٢٧ی لیوای ١٢٧ی هێزەکانی بەرگری ئۆکرانیا گەیشتوونەتە سنووری وڵاتەکەیان لەگەڵ روسیا و وتیشی "پێکەوە بەرەو سەرکەوتن دەڕۆین."
وتوشیەتی، "سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەین
کە ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە و ئۆکرانیا لە دەستی داگیرکەرە رووسییەکان رزگاردەکەن."
هاوکات، وەزارەتەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی
فەیسبووک گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردۆتەوە و تیایدا ١٢ سەربازی ئۆکرانی لە سەنگەرێکی سەر
سنووری نێوان ئۆکرانیا و روسیا بە رەنگەکانی ئاڵای ئۆکرانیاوە دەردەکەون.
ئەمەش لە کاتێکدایە، نزیکەی سێ مانگە جەنگی
نێوان روسیا و ئۆکرانیا بەردەوامە و روسیاش وەستاندنی هێرشەکانی بەستووەتەوە بە
پاشگەزبوونەوەی ئۆکرانیا لە داوای بوون بە ئەندامی لە رێکخراوی باکوری ئەتڵەسی
ناتۆ.