وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، بەهۆی خۆڵبارینەوە چوار هەزار هاوڵاتی توشی تەنگەنەفەسی بوون و براونەتە نەخۆشخانەکان.
لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاماژەی بەوەداوە، بەهۆی ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی رووی لە ناوچەکانی عێراق کردووە چوار هەزار هاوڵاتی توشی تەنگەنەفەسی بوون.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، سەرجەم ئەو
نەخۆشانەی روویان لە نەخۆشخانەکان کردووە بۆ وەرگرتنی چارەسەر، چارەسەری
پێویستییان بۆ کراوە و تیمەکانی تەندروستی لە ئامادەباشی پێویستدا بوون بۆ
بەئەنجامگەیاندنی ئەرکەکانیان.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە کاتژمێرەکانی سەرەتای
خۆڵباریندا سەیف بەدر وتەبێژی تەندروستی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "لە
ساتی هاتنی خۆڵبارینەکەوە نزیکی دوو هەزار کەس داخڵی نەخۆشخانەکان کراون و چارەسەری
پێویستیان وەرگرتووە."
بە پێی پێشبینییەکانی کەشناسی خۆڵبارینەکە
ئەمڕۆ و سبەینێ بەردەوام دەبێت و سبەی لە کاتەکانی ئێوارەدا وردە وردە کەم
دەبێتەوە و سووک دەبێت.