سەردێڕ:

کەشناسی کاتی کۆتاییهاتن و هۆکارەکانی شەپۆلی خۆڵبارینی ئاشکراکرد

AM:10:59:16/05/2022

175400 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری کەشناسی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کاریگەریی شەپۆلی خۆڵبارین تاوەکو سبەینێ بەردەوام دەبێت و هەنگاو بە هەنگاو کاریگەرییەکەی کەمدەبێتەوە، هۆکارەکانی خۆڵبارینیشی ئاشکراکرد.


ئاسۆ کەمال بەڕێوەبەری کەشناسی سلێمانی لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، شەپۆلی خۆڵبارینەکە ناوەڕاست و باشوری عێراق و سنوری سوریای گرتووەتەوە، کاریگەرییەکەشی زیاتر لەسەر ناوەڕاست و باشوری عێراق دەبێت.
وتیشی، کاریگەریی خۆڵبارینەکە لەمشەوەوە بەرەو لاوازی دەچێت و بە هەنگاو کۆتایی پێدێت، بۆیە تاوەکو بەیانیش کاریگەرییەکە دەمێنێت تاوەکو بە تەواوی کپدەبێتەوە.
باسی لەوەشکرد، شەپۆلی ئەمجارە بارانبارینی لەگەڵ نییە تاوەکو بە تەواوی یەکجار کۆتایی بێت، بۆیە کاریگەرییەکەی تاوەکو سبەینێ دەمێنێت و خۆڵەکە لە هەوادا دەمێنێتەوە کە پێی دەوترێت "تەپوتۆزی هەڵواسراو."
 خێرایی با:
ئاسۆ کەمال لەبارەی خێرایی باوە باسی لەوەکرد، خێرایی با لە ئێستادا زیادیکردووە و بووەتە ٢٠ بۆ ٢٥ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.
کاریگەریی لەسەر پلەکانی گەرما:
لەبارەی کاریگەری لەسەر پلەکانی گەرماوە ئەوەی خستەڕوو، کە پلەکانی گەرما بەهۆی خۆڵبارینەوە ئەمڕۆ کەمێک نزمبوونەوە بە خۆیانەوە دەبینن لەچاو دوێنێ.
هۆکاری زۆری خۆڵبارین لەمساڵدا چییە؟
بەڕێوەبەری کەشناسی سلێمانی بۆ ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، خۆڵبارین دەرئەنجامی هاتنی بارستە هەوای ساردە بۆ ناوچەی بارستە هەوای گەرم، کە ئەوەش جیاوازی لە سیتیمی پەستانی ناوچەکە دروستدەکات و دەبێتەهۆکاری خۆڵبارین.
ئاماژەی بەوەشكرد، هۆکاری ئەوەی دەبێتە خۆڵبارین بەشێکی بەهۆی کەمی بارانبارینەوەیە لەو ناوچانەی سەرچاوەی سەرەکی خۆڵبارینن، وردەکارییەکەی خستەڕوو و وتی، لەو ناوچانەدا بڕێکی کەم بارانباریوە و بووەتە هۆی لاوازبوون و فشەڵبوونی زەوییەکەی، بەوەش کاتێک ئەو گۆڕانکارییە لە سیستمی پەستانی ناوچەکە دروستدەکات، بە ئاسانی با تەپوتۆز هەڵدەگرێت و دەیگوازێتەوە.
راشیگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٩دا کە رێژەی بارانبارین زۆربوو، تەنها دوو حاڵەتی خۆڵبارین تۆمارکراوە، بەام تەنها لە مانگی ١ی ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، ٢٣ حاڵەتی خۆڵبارین تۆمارکراوە.
هـ.ئـ












گەلەری