سەردێڕ:

باڵیۆزی ئەمریکا لەعێراق ھوشداری دەدات لەبوونی مەترسی لەسەر قەوارەی ھەرێمی کوردستان

PM:09:58:15/05/2022

54024 جار خوێندراوەتەوە

ماتیۆ تۆلەر لەگفتوگۆیەکدا کە ئێن ئاڕتی تێیدا بەشداربووە رایگەیاند، لەگەڵ ئەو بیڕوڕایە هاوڕایە کە دەڵێت مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێم هەیە و هاوتایە لەگەڵ قسەکانی ساڵی رابردووی جێنین پلاسخارت کە باسی لە بوونی مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێم کرد و هۆشداریدا لەوەی پێویستە پارتەکانی هەرێمی کوردستان بە گفتوگۆ چارەسەری کێشەکانیان لەگەڵ بەغدا بکەن.


ماتیۆ تۆلەر باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە دیدارێکدا کە لەگەڵ بەشێک لە میدیاکان کە ئێن ئاڕ تی تێیدا بەشداربوو رایگەیاند، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا هەندێک جار ئارام بووە و هەندێک جاریش خراپ بووە و باسی لەوەشکرد، بەشێک لە وڵاتانی دیکە و چەند فاکتەرێکی دیکەی دەرەکی کاریگەرییان هەبووە لە سەر پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا.

لەبارەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمەوە وتی، "هەڵبژاردنی هەرێم بۆ ئەمریکییەکان پرسێکی گرنگە و هیوادارین هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت و لایەنەکان کۆکبن لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و رێزگرتنی لە دەنگی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان."

لەبارەی کێشە نەوتییەکانی نێوان هەرێم و بەغداش باسی لەوەکرد، دەرکردنی یاسای نەوت و گاز گونجاوترین رێگەچارەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نەوت و گاز لەبارەی دابەشکردنی داهاتەکەی لەنێوان حکومەتی هەرێم و ناوەند.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەنێو لایەنە سیاسییەکاندا هەوڵێک هەیە بۆ قۆستنەوەی ئەو هەلومەرجانەی لە ئێستادا لە عێراقدا دەگوزارێن و هۆکارەکەشی لاوازی حکومەتی کاربەڕێکەرە.

ماتیۆ تۆلەر لەبارەی ناوچە جێناکۆکەکانەوە رایگەیاند، کێشەی ئەو ناوچانە کە یەکێکە لەو کێشانەی بەهەڵپەسێردراوی ماوەتەوە لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستاندا، دەبوو بەپێی دەستوری عیراقی چارەسەری ریشەییان بۆ بدۆزرایەتەوە و وتیشی، "پێمانوایە پێویستە ئیرادەیەکی سیاسی هەبێت بۆ چارەسەرکردنی پرسی لەو جۆرە و پێویستە خەڵکی عیراق خۆیان لە چوارچێوەی دەستووردا ئەو کێشانە چارەسەر بکەن".

 

باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمریکا لایەنی هیچ لایەنێک ناگرێت لە عێراق چ براوە و چ دۆراو، بناغەی کاری ئەوان بەسادەی ئەمەیە، "هەڵبژاردن گرنگە، رێزگرتن لە دەنگی خەڵک و رێزگرتن لە یاسا گرنگە."

راشیگەیاند، ئەوان گرنگی بە چارەسەکردنی کێشەکان دەدەین بە ڕێگای مەدەنی، و وتیشی، "دڵنیاشم کەس لە عێراق بە حوکمی میلیشیا قایل نییە وەک دەرئەنجام."

باسی لەوەشکردووە، ئەو ماوەیەی کە بەسەرچووە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق نیگەرانی کردوون، بەڵام ئەمە یەکەم جار نییە پێکهێنانی حکومەت ئەو کاتەی پێچێت لە عێراقدا و بە هیوان بەزووی حکومەت پێک بێت.













گەلەری