سەردێڕ:

بە فەرمی فینلەندا دەچێتە ناو رێکخراوی ناتۆوە

PM:03:20:15/05/2022

2972 جار خوێندراوەتەوە

سەرەڕای هەڕەشەکانی روسیا، فینلەندا بە فەرمی رایگەیاند دەچێتە ناو ناتۆوە و بڕیاریشە رۆژی دووشەممە داواکارییەکە پێشکەشی پەرلەمان بکرێت.


ئەمڕۆ یەکشەممە، ساولی نینیستۆ سەرۆکی فینلەندا، لە کۆنفرانسێک رۆژنامەوانییدا رایگەیاند "فینلەندا دەچێتە ناو ناتۆوە.

ئاماژەی بەوەشدا، "لەمڕۆوە فینلەندایەکی سەقامگیر و بەهێز و بەرپرسیار لەدایک دەبێت، ئێمە ئارامیی و ئاسایش بەدەست دەهێنین ئارامی و ئاسایش دەبەخشین. دەبێت لەبیرمان بێت کە ئاسایشی وڵاتمان گەمەیەکی سیاسی نییە".

هاوکات، سانا مارین سەرۆک وەزیرانی فینلەندا ئەوەشی خستەڕوو، داواکارییەکە لەمڕۆوە دەنێردرێت بۆ پەرلەمان تا پەسەندبکرێت و ئەمەش بڕیارێکی مێژووییە و وەکو ئەندامێک لە ناتۆ ئەوان بە شێوەیەکی گشتی بەرپرسیار دەبن لە ئاسایشی هاوپەیمانییەکە.

فینلەندا سنورێکی ١٣٠٠ کیلۆمەتریی لەگەڵ روسیادا هەیە و لە پاش جەنگی جیهانیی دووەمەوە هیچ هاوپەیمانێتییەکی سەربازی نەکردووە و لە ترسی روسیاش خۆی بەدوور گرتووە لە پەیوەندیکردن بە ناتۆوە، هاوکات هێرشەکانی روسیا بۆسەر ئۆکرانیا وایکرد فینلەندا هەست بە مەترسی بکات و بیرلەوە بکاتەوە پەیوەندی بە ناتۆوە بکات.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ شەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا هۆشداری بە سەرۆکی فینلەندا داوە و پێی راگەیاندووە، "هەڵەیەکی گەورە دەکەن بچنە ناو ناتۆ، لەبەرئەوەی هیچ مەترسییەک لەسەر ئاسایشی فینلەندا نییە".

لای خۆشییەوە، رەجەب تەیپ ئەردۆگان، سەرۆکی تورکیا دژایەتی خۆی بۆ بەشداری کردنی سوید و فینلەندا لە ناتۆ نیشانداوە و ئاماژەی بەوە داوە هەردوو وڵات پشتگیری خۆیان بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) نیشان داوە کە لە لیستی تیرۆری یەکێتی ئەوروپادایە.

لە وەڵامدا وەزیری دەرەوەی فینلەدا رایگەیاند، باوەڕی تەواویان هەیە کە لەگەڵ تورکیاش بگەنە رێککەوتن.













گەلەری