سەردێڕ:

دابەشکردنی موچە لە سلێمانی و هەڵەبجە کێشەی تێکەوت

AM:10:33:15/05/2022

25832 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێرانی ئێن ئاڕ تی لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بەبیانووی نەبوونی پارە لە بانکەکاندا دابەشکردنی موچەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان کێشەی تێکەوتووە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، بەگوێرەی ئەو خشتەیەی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم لە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٨ی ٥ی ٢٠٢٢ بڵاویکردەوە، دەبوایە ئەمڕۆ موچەی مانگی چواری کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان دابەشبکرایە، بەڵام بە بیانوی نەبوونی پارە لەبانکەکاندا کێشەی تێکەوت.

بە گوێرەی زانیارییەکانی زوهرە عەلی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، بەبیانوی نەبوونی پارە لەبانکەکاندا و نەگەیشتنی پارە، دابەشکردنی موچەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان کێشەی تێکەوتووە.

هەروەها، نزار کەریم پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە شاری هەڵەبجە ئاماژەی بەوەدا، بەڕێوەبەری بانک بە موچەخۆرانی وتووە بەهۆی نەبوونی پارەوە ئەمڕۆ تەنها موچەی کەسوکاری شەهیدانی هاوڵاتی و سەنگەر دابەشدەکرێت.

دەشڵێت، بڕیارە سبەینێ موچەی شەهیدان و بریندارانی جینۆسایدی کیمیاباران دابەشبکرێت.

بڕیاربوو ئەمڕۆ یەکشەممە ١٥ ی٥ی ٢٠٢٢ موچەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و کەسو کاری شەهید و ئەنفالکراوان و زیندانە سیسییەکان دابەشبکرێت. بەمەبەستی وەرگرتنی موچەکانیان لە بەرەبەیانی زووەوە ژمارەیەکی زۆر لەکەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان لەبەردەم بانکەکاندا لە چاوەڕوانی وەرگرتنی موچەکانیاندان.

مانگی رابردووش، بەبیانووی نەبوونی پارە لەبانکەکاندا دابەشکردنی موچەی خانەنشینان و مامۆستا و فەرمانبەرانی زانکۆ و فەرمانبەران و کارمەندانی وەزارەتی کارەبا دواکەوت. لە ئێستا کە ناوەڕاستی مانگی پێنجە، موچەخۆران موچەی مانگی چوار دەرگرن و بەشێکیشییان موچەی مانگی سێیان تەنها لەچەند رۆژێکی رابردوودا وەرگرتووە.













گەلەری