سەردێڕ:

حکومەتی هەرێم وەڵامی کۆمپانیای نەوتی باکوری دایەوە

PM:11:24:14/05/2022

9716 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەموو ئەو هەواڵ و دەنگۆیانە رەت دەکاتەوە کە گوایە حکومەتی هەرێم بە پشتیوانی هێزی چەکداری، دەستی بە سەر چەند کێڵگەیەکی نەوتی بای حەسەن و داودگورگەی سەر بەکۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووکدا گرتووە و داگیری کردوون.


جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنداوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بە پێی دەستووری عێراق، سامانی گشتی هی هەموو خەڵکی عێراقە و هی کۆمپانیایەک نیيە.

باسی لەوەشکردووە، کۆمپانیای نەوتی باکوور چەندین ساڵە بەبێ هەبوونی یاسای نەوت و غاز، کار دەکات و دەستوور پێشێل دەکات و دەشڵێت، "ئەگەر كۆمپانیای نەوتی باکوور لە خەمی چارەسەکردنی کێشەکانە، با یاسای نەوت و غاز بە پێی دەستور بە یاسایی بکرێت."

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو هەڵمەتەی دژ بە هەرێم دەستیان پێکردووە هۆکارەکەی سیاسییە و هیچ بنەمایەکی یاسایی نیە و ئەو تۆمەتانەی دژی هەرێم بڵاوی دەکەنەوە، دوورن لە راستییەوە و تەنیا بۆ دروستکردنی ئاژاوە و دژی مافەکانی خەڵکی کوردستانە.

 

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ شەممە كۆمپانیای نەوتی باكور رایگەیاند، حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستی بەسەر دوو بیرە نەوتی كێڵگە نەوتییەکانی كەركوكدا گرتووە و وتیشی، "ئەوە کارێکی نایاسایی و نا دەستوورییە."

لە راگەیەندراوەکەی کۆمپانیای نەوتی باکوردا ئاماژە بەوەشکرابوو، لە دادگاکای عێراق داوای یاسایی لەسەر هەرێمی کوردستان تۆمارکردووە و لە ئێستاشدا ئەو داوایانە لە دادگاکاندا کاری لەسەردەکرێت.













گەلەری