سەردێڕ:

سەرۆکی ئۆکرانیا لەبارەی کۆتایهاتنی جەنگەوە چی دەڵێت؟

PM:06:25:14/05/2022

9148 جار خوێندراوەتەوە

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لە وتارێکی رۆژانەیدا سەبارەت بە لەشکرکێشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا رایگەیاند، "کەس ناتوانێت پێشبینی ئەوە بکات کە ئەم شەڕە چەندێک درێژەی دەبێت."


ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی خاکی وڵاتەکەیان بە خێرایی ئازاد بکەن و وتیشی، "ئەمە لە کارە پێشینەکانی ئێمەیە، هەروەها کار بۆ ئەوە بکەین جەنگەکە کورتتر بێتەوە."

زێلێنسکی باسی لەوەشکرد، درێژخایەنی جەنگەکە تەنها بەند نییە بە گەلی ئۆکرانیاوە و بەڵکو بەندە بە هاوبەشەکانیشیانەوە کە وڵاتانی ئەوروپا، بە هەموو وڵاتانی جیهانی ئازادەوە دەگرێتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەگەری فراوانبوونی ناتۆ، لە دوای ململانێی ئۆکرانیا، بووەتە جێگەی سەرنج، لە کاتێکدا رۆژی پێنجشەممە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بەرەو بەرلین بەڕێ دەکەوێت بۆ کۆبوونەوەیەکی نافەرمی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ.

ساولی نینیستۆ سەرۆکی فینلاند و سانا مارین سەرۆک وەزیرانی فینلاند رەزامەندی خۆیان دەربڕی بۆ پەیوەستبوون بە هاوپەیمانییەکە، هەنگاوێک کە گۆڕانکارییەکی گەورەی سیاسی بۆ وڵاتانی ئەسکەندەناڤیا دروستدەکات، وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر لەشکرکێشیەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا.













گەلەری