وەزیری بەرگری ئەمریکا داوای لە هاوتا روسییەکەی کرد ئاگر بەستی بەپەلە لە شەڕی ئۆکرانیادا رابگەیەنێت.
لەچوارچێوەی یەکەم پەیوەندی و گفتوگۆیدا، لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا لەگەڵ سێرگی شۆیگو هاوتا روسییەکەی لە دوای جەنگی ئۆکرانیەوە، داوای لێکرد روسیا ئاگربەستی بەپەلە لە ئۆکرانیادا رابگەیەنێت.
جۆن کێربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری
ئەمریکا "پنتاگۆن" راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لوید ئۆستن
وەزیری بەرگری وڵاتەکەی بۆیەکەمین جار لە دوای ١٨ی شوباتەوە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی
لەگەڵ ھاوتا رووسییەکەی، سێرگی شۆیگو ئەنجامداوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە، لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا لە ١٣ی ئایار
گفتوگۆی لەگەڵ سێرگی شۆیگو کردووە.
ئاماژەی بەوەشداوە، لوید ئۆستن بانگھێشتی روسیای کردووە بۆ راگەیاندنی
ئاگربەستی بەپەلە لە ئۆکراینادا و جەختی لە گرنگی بە کراوەیی جێھێشتنی نێوەندەکانی
پەیوەندی کردووەتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە ٢٤ی ٢ی ٢٠٢٢ ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای روسیا لە
ئۆکرانیا دەستی پیکردووە و لەو کاتەوە تا ئێستا ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا ژمارەیەک
سزای بارزگانی و دارایی و ئابوری قورسیان بەسەر روسیادا سەپاندووە.