سەردێڕ:

لەبارەی رووداوەکەی خەبات پۆلیسی هەولێر روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

PM:10:30:13/05/2022

47284 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لەبارەی رووداوەکەی ئەمڕۆی قەزای خەباتەوە رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، رووداوەکە لەسەر کێشيی زەوی زار لە نێوان مام و سی برازادا بووە. دەشڵێت، " پێنج کەس کوژراون و دوو کەسی دیکەش برینداربوون".


ئەمڕۆ هەینی، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر راگەیەنروێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، ئەمڕۆ کاتژمێر ٧ و ٣٠ خولەکی ئێوارە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاگادارکرانەوە بەبوونی رووداوێکی شەڕکردن لە گوندی کەورەبەن لە سنوری ناحیەی رزگاری لە قەزای خەبات.

ئاماژەی بەوەشداوە، شەڕەکە لە نێوان دوو برا بەناوەکانی (ا. ر. پ.) و (ح. ر. پ.) روویداوە، دەستبەجێ هێزەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر چوونە شوێنی مەبەست بە مەبەستی کۆنتڕۆڵ کردنی شوێنی رووداو و ئارامکردنەوەی ئەو گرژیەی لە شوێنی رووداو دروست بووبوو.

هەر بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، دواتر دەرکەوتووە رووداوەکە لەسەر کێشەی زەوی لە نێوان مام و سێ برازا بەناوەکانی (ا. ر. پ.) و (ن. ح.) و (ف. ح.) و (ف. ح.) دەبێتە دەمەقاڵی و گرژی لەنێوانیان روودەدات لەم نێوەندەدا لە لایەنی یەکەم لە (ا. ر. پ.) و (ا. ا. ر.) و (ز. ا. ر.) و (س. ا. ر.) کوژراون و لە لایەنی دووەم (ف. ح.) کوژراوە.

دەشڵێت، دوو تۆمەتباریش بەناوەکانی (ف. ح.) و (ن. ح.) کە برینداربوون لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر کراون.

راگەیەنراوەکە ئاماژەی بەوەشداوە، لەکاتی ئێستادا پۆلیس پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ئەم رووداوە کردوەتەوە بۆ ئەنجامدانی رێڕەوی یاسایی بەرامبەر تۆمەتبارانی تاوانەکە.

ئەمە لەکاتێکدایە، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوەدا ، بە هۆی کێشیەکی کۆنی کۆمەڵایەتی لە نێوان دوو بنەماڵە، ئەم ئێوارەیە بەیەک گەیشتوون و شەر لە نێوانیان دروست بووە.

وتیشی، لە ئەنجامی شەڕی نێوان دوو بنەماڵەکە لە گوندی کەوڕەبەنی سەربە پارێزگای هەولێر پێنج کەس کوژران کە بریتی بوون لە باوکێک و سێ کوڕی و برازایەکی.

لەلایەن خۆیەوە، کوێستان ئەحمەد قائیمقامی قەزای خەبات بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە شەڕەکە لە نێوان دوو برادا روویداوە لەسەر کێشەی زەوی زار، کە کێشەیەکی کۆنبووە و لە ئەنجامدا چوارکەس کوژراون و یەکێکیش بریندارە.













گەلەری