سەردێڕ:

پەرلەمانی سوید راپۆرتێکی تایبەت بە ئەندامێتی لە ناتۆ ئامادە کرد و فنلەنداش ئامادە باشی وەردەگرێت

PM:10:03:13/05/2022

3528 جار خوێندراوەتەوە

لە راپۆرتی شیکاری ئەمنیدا کە لەلایەن لایەنەکانی پەرلەمانی سویدەوە ئامادەکراوە، ئاماژە بەوە کراوە کە ئەندامێتی ناتۆ دەبێتە هۆی زیادکردنی ئاسایشی سوید. هاوکات، لە ئەگەری هێرشی روسیا بۆ سەر فنلەندا، هەزاران هاوڵاتی ئەو وڵاتە دەستیان بەمەشق و راهێنان کردووە.


ئەمڕۆ هەینی، لە راپۆرتێکی شیکاری ئەمنیدا کە لەلایەن لایەنەکانی پەرلەمانی سویدەوە ئامادەکراوە، ئاماژە بەوە کراوە کە ئەندامێتی ناتۆ دەبێتە هۆی زیادکردنی ئاسایشی سوید. راپۆرتەکەش لەلایەن هەشت پارتی ناو پەرلەمانەوە ئامادەکراوە.

لەلایەن خۆیەوە، ئان لیند وەزیری دەرەوەی سوید لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، لە ئەگەری ئەندامێتی لە ناتۆدا، سوید دەبێتە بەشێک لە ئاسایشی بەکۆمەڵی ناتۆ.

وتیشی، ئەم راپۆرتە دەبێتە کۆڵەکەیەکی گرنگ بۆ رۆژی دووشەممە ١٦ی ئایار کە حکومەت بڕیاری خۆی لەبارەی پرسی ئەندامێتی لە نێو ناتۆ رادەگەیەنێت.

هاوکات، ماڵپەڕی یو ئێس ئەی تودەی بڵاویکردەوە، لەسەرەتای دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنەکانی روسیا لە ئۆکرانیا و بەردەوامبوونی، هەزاران هاوڵاتی فنلەندی بەشداری مەشق و راهێنانە سەربازی و فریاکەوتنی سەرەتایییان کردووە و وەک خۆئامادەکردن لە ئەگەری هێرشکردنی روسیا بۆ سەر وڵاتەکەیان.

ئاماژەی بەوەشداوە، لە مانگی رابردوودا پەیوەندی نیشتیمانی بۆ سەربازە یەدەگەکانی فنلەندا کە ٤٥ هەزار سەبازی هەیە، شەش هەزار و ٦٠٠ هاوڵاتی پەیوەندییان پێوەکردووە.

ئۆسی هتالیا ئەفسری لە یەکەی مەشق و راهێنانی بەرگری نیشتیمانی ئاشکرای کردووە، لەسەرەتای دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنەکانی روسیا لە ئۆکرانیا، هاوڵاتییانی وڵاتەکەی هەستییان بە نیگەرانی کردووە و دەستیان بە خۆ ئامادەکردن کردووە بەئامانجی بەرزکردنەوەی توانا سەربازییەکانیان لە ئەگەری دروستبوونی جەنگ لە نێوان فنلەندا و روسیادا.

ئەمە لەکاتێکدایە، هەردوو وڵاتی سوید و فنلەندا پێشتر ئەندام نەبوون لە هیچ رێکخراو و پەیمانێکی سەربازیدا و وەک دوو وڵاتی بێ لایەن مامەڵەیان دەکرد، بەڵام لەدوای هێرشەکانی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا هەردوو وڵات بیرکردنەوەیان لەبارەی بوون بە ئەندام لە پەیمانی باکوری ئەتڵەسی "ناتۆ" کردووەتەوە و هەوڵەکانیان بەو ئاراستەیە دەست پێکردووە و لەلایەن خۆشییەوە روسیا بە توندی هۆشداریدایە ئەو دوو وڵاتە.













گەلەری