سەردێڕ:

لە ئێران خۆپیشاندان لەبارەی گرانبوونی نرخی خۆراکەوە بەردەوامە و ٢٢ خۆپیشاندەر دەستگیرکران

PM:06:54:13/05/2022

3792 جار خوێندراوەتەوە

‏‎لەگەڵ بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەکانی ئێرانەوە بەهۆی گرانبوونی نرخی خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکانەوە، هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە ٢٢ خۆپیشاندەریان دەستگیرکرد و ئەندامێکی تیمی ئاگرکوژاندەوەش برینداربوو.


ئەمڕۆ هەینی، ئاژانسی فەرمی هەواڵی ئێرنای ئێرانی بڵاویکردەوە، لە یەک شەودا ١٥ خۆپیشاندەر لە شاری دێزفول لە باشوری رۆژئاوای پارێزگای خوزستان و حەوت کەسی دیکە لە شاری یاسوج لە باشوری ئەو وڵاتە دەستبەسەر کراون.

ئاماژەی بەوەشداوە، ٢٠٠ خۆپیشاندەر لە شارێکی دیکەی پارێزگای خوزستان گردبوونەوە، دوای ئەوەی خۆپیشاندەران بەردیان گرتە پۆلیس و ئاگرکوژێنەوەکان، یەکێک لە ئاگرکوژێنەوەکان بریندار بوو.

ئاژانسی ئێرنا ئەوەشی خستوەتەڕوو، ئەمڕۆ هەینی دۆخەکە لە هەموو ناوچەکان هێور بۆتەوە، هەروەها وێنەیەکی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆکی ئێران بڵاوکردەوە کە نیشانی دەدات لەگەڵ کڕیارانی ناو بازاڕەکانی تاران کۆدەبێتەوە تا گوێ لە نیگەرانییەکانیان بگرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، لەم هەفتەیەدا حکومەتی ئێران رایگەیاند، نرخی رۆن، مریشک، هێلکە و شیر بەرز دەبێتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە نرخی خۆراک لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرزبووەتەوە، بەهۆی هێرشەکانی روسیا بۆ سەر کۆمپانیا سەرەکییەکانی هەناردەکردنی خۆراک لە ئۆکرانیا. هاوکات، بەهۆی گرانبوونی نرخی خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکانەوە لەباشوری ئێران خۆپیشاندان دەستی پیکرد.













گەلەری