سەردێڕ:

لەم پارێزگایەی کوردستان هەڵمەتی کۆنتڕۆڵکردنی پەتای تای خوێنبەربوون دەستی پێکرد

PM:05:40:13/05/2022

5020 جار خوێندراوەتەوە

قائیمقامیەتی قەزای کەرکوک رایگەیاند، هەڵمەتێکی نوێیان بە ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنی پەتای تای خوێنبەربوونیان دەستپێکردووە. دەشڵێت، "رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو گۆشتفرۆشانە دەگیرێتە بەر کە نرخی گۆشت گران دەکەن".


ئەمڕۆ هەینی، فەلاح یایجلی قائیمقامی قەزای کەرکوک بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، هەڵمەتی کۆنتڕۆڵکردنی پەتای تای خوێنبەربوون بەردەوامە و پێویستە ئەو کەسانەی خاوەنی ئاژەڵن کێڵگەی بەخوێکردنی ئاژەڵەکانیان ببنە دەرەوەی شار بۆ ناوچە گوندنشینەکان.

ئاماژەی بەوەشداوە، سبەینێ شەممە هەڵمەتێکی نوێی رشاندنی کیڵگە ئاژەڵییەکان دەستپێدەکات.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لیژنەی خۆپارێزی و رێگری کردن لە پەتای تای خوێنبەربوون لە سبەینێوە دەستدەکەن بە رێگری کردن لە سەربڕینی ئاژەڵەکان بەشێوەی هەڕەمەکی و دەست بەسەر هەموو ئەو ئاژەڵانەدا دەگیرێت کە لەدەرەوەی رێنماییەکاندا لەناو گەڕەک و شوێنەکانی نیشتەجێبووندا لە ناو شاری کەرکوک سەر دەبڕدرێن.

فەلاح یایجلی، ئەوەشی خستەڕوو، زانیارییان بەدەست گەیشتووە ژمارەیەک لە گۆشتفرۆشەکان نرخی گۆشیان گرانکردووە و ئەم دۆخەی ئێستایان قۆستووەتەوە، بۆیە هەر گۆشتفرۆشێک لەدەرەوەی رێنماییەکان نرخی گۆشت گرانبکات رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

ئەمە لەکاتێکدایە، ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، دووەم حاڵەتی توشبوون بە پەتای تای خوێنبەربوون لە شاری کەرکوک تۆمار کرا و فەرمانگەی تەندروستی شارکەش دەڵێت، توشبووەکە دۆخی تەندروستی جێگیرە.

 
 
كـ ، ئـ












گەلەری