سەردێڕ:

١٤ رێنمایی بۆ رێگریکردن لە ئاگر کەوتنەوە

PM:05:06:13/05/2022

3748 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگری شارستانی عێراق بەمەبەستی رێگریکردن لە ئەگەری ئاگرکەوتنەوە و سوتانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بە گشتی و گەنم و جۆ و دانەوێڵە بەگشتی لە کۆتایی وەرزی بەهار و هاتنی وەرزی هاویندا ١٤ رێنمایی بڵاوکردەوە.


ئەمڕۆ هەینی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگری شارستانی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، بەمەبەستی رێگریکردن لە ئەگەری ئاگر کەوتنەوە و دوور کەوتنەوە لە رووداوەکانی ساڵی پار لە سوتانی گەنم و جۆ و بەرهەمی جوتیاران، پێویستە ئەم رێنماییانە لەبەرچاو بیگرێن:

١-لەناو بێستان و نزیک کیڵگەکانی گەنم و جۆ بەهیچ شێوەیەک ئاگر نەکرێتەوە بەمەبەستی ئامادەکردنی خواردن، یان لە شوێنێکی تەواو پارێزراودا ئاگربکرێتەوە.

٢- پێویستە جوتیاران پێداویستییەکانی ئاگر کوژاندەنەوەیان بەردەست بێت وەک ئاو.

٣- بەهیچ شێوەیەک نابێت جوتیاران جگەرە بەکاربهێنن لە نزیک کێڵگەکانی گەنم و جۆ و دانەوێڵە، چونکە دەبێتە هۆکاری سەرەکی ئاگر کەوتنەوە.

٤- نابێت بەهیچ شێوەیە نەوت و بەنزین و گاز لەنزیک یان لەناو بێستان و کێڵگەکانی گەنم و جۆ بڕێژرێن.

٥- بەردەوام ئامێرەکانی دەڕاسە و تراکتۆر و هەر ئامێرێکی دیکە زوزو چاکبکرێنەوە و پشکنینیا بۆ بکرێت و بەشەکانی کارەبایی ئەو ئامێرانە پشکنینیان بۆ بکرێت تا دزینی کارەبایان نەبێت و ببێتە هۆی ئاگر کەوتنەوە.

٦- نابێت بەهیچ شێوەیەک پارچە شوشەی شکاو لەناو یان نزیک بێستان و کێڵگەکانی گەنم و جۆدا فڕێبدرێت، چونکە دەبێتە هۆی ئاگر کەوتنەوە.

٧- نابێت بەهیچ شێوەیەک لەناو یان نزیک کیڵگەکانی گەنم و جۆدا کاری لەحیم کاری ئەنجامبدرێت، چونکە لەئەگری پریشکەکانی ئاگر دەکەوێتەوە.

٨- نابێت جوتیاران ئاگاداری منداڵەکانیان نەبن، چونکە ئەگەری هەیە ئاگر بکەنەوە و ئاگر بکەوێتەوە.

٩- پێویستە جوتیاران ئاگاداری ئەو وایەری کارەبایانەبن کە بەسەر بێستان و کێڵگەکانیاندا هەڵواسراون و وزەی کارەبا دەگوازنەوە.

١٠- پێویستە بێستانەکان و کێڵگەکانی گەنم و جۆ پاودەری ئاگر کوژێنەوەی ١٢ کیلۆگرامی هەبێت و لەسەر تراکتۆرەکانیشیان پاودەری ٦ کیلۆگرامی هەبێت.

١١- پێویستە لەو رۆژانەی ئەگەری هەورەتریشقە هەیە، جوتیاران وریابن و بە ئاگاییەوە مامەڵە بکەن.

١٢- پێویستە لە نێوان کێڵگەکاندا ئاگر بڕ دروستبکرێن کە لە ١٠ مەتر کەمتر نەبێت.

١٣- ئەو پوش و گیا وشکەی لەسەر رێگای گشتی هەیە پێویستە لاببرێن و دور بخرێنەوە، چونکە دورنییە نەبنە سەرچاوەی ئاگر کەوتنەوە.

١٤- خاڵی بنەڕەتی ئەوەیە لە ئەگەری هەر ئاگر کەوتنەوەیەک راستەو خۆ پەیوەندی بکرێت بە ژمارە ١١٥ی بەرگری شارستانی و تیمەکانی فریاگوزاری بەخێراترین شێوە بە ئامانجی زو کۆنتڕۆڵکردنی ئاگر و رێگری کردن لە روودانی کارەسات.

 

 كـ ، ئـ













گەلەری