سەردێڕ:

کۆشکی سپی: ئامادەین هاوکاری لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە کوژرانی پەیامنێرەکەی ئەلجەزیرە بکەین

PM:04:27:13/05/2022

3412 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، پێویستە لێکۆڵینەوەکانی ئیسرائیل و فەڵەستین لەبارەی کوژرانی پەیامنێری کەناڵی ئەلجەزیرە، شیرین ئەبو عاقلە بە شێوەیەکی "قوڵ و شەفاف" بەڕێوەبچن و دەشڵێت، "ئامادەین هاوکاری لێکۆڵینەوەکە بکەین."


جێن ساکی وتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، پێویستە لێکۆڵینەوەکانی ئیسرائیل و فەلەستین لە بارەی کوژرانی شیرین ئەبو عاقلە پەیامنێری کەناڵی ئەلجەزیرە، بە شێوەیەکی "قوڵ و شەفاف" بەڕێوەبچن.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەمریکا ئامادەیە هاوکاری پێویستی ئەو لێکۆڵینەوانە بکات. 

ئەوەشی خستەڕوو، "هەریەک لە فەلەستین و ئیسرائیل، لەم بارەیەوە لێکۆڵینەوە ئەنجام دەدەن، داوا لە هەردوو لا دەکەین بە شێوەیەکی قوڵ و شەفاف لێکۆڵینەوەکان ئەنجام بدەن و بەڵگەی شایستە بخەنەڕوو".

جێن ساکی ئەوەشی ئاشکرا کرد، ئەگەر پێشنیاز بکرێت ئەمریکا خۆشی لێکۆڵینەوە لە بارەی کوژرانی ئەبو عاقلەوە ئەنجام بدات ئەوا هەڵسەنگاندن بۆ ئەم پێشنیازە دەکەن.

ئەمە لەکاتێکدایە، شیرین ئەبو عاقلە پەیامنێری کەناڵی ئاسمانیی ئەلجەزیرەی قەتەریی، لە کاتی رووماڵکردنی هەڵمەتی سوپای ئیسرائیل بۆسەر کەمپی پەنابەرانی جەنین لە کەناری خۆرئاوا، لەکاتی دەستڕێژی گولـلە گیانیلەدەستدا.

تۆڕی ئەلجەزیرە و دەسەڵاتدارییەتی فەلەستین بەرپرسیارییەتی کوشتنی شیرین ئەبو عاقلە دەخەنە ئەستۆی ئیسرائیل و لە بەرامبەردا، سوپای ئیسرائیل پێی وایە کە شیرین ئەبو عاقلە بە گولـلەی چەکدارانی فەلەستینی کوژراوە، ئەمەش لەلایەن دەسەڵاتی فەلەستینەوە رەتکراوەتەوە.

شیرین ئەبو عاقلە لە ساڵی ١٩٧١ لە شاری قودس لە دایکبووە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە میدیا و رۆژنامەوانی لە زانکۆی یەرموک لە ئوردن بە دەست هێنابوو و بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ پەیامنێری کەناڵی ئاسمانیی ئەلجەزیرەی قەتەریی بوو لە کەناری خۆرئاوای فەلەستین.













گەلەری