سەردێڕ:

فنلەندا داوای بوون بە ئەنەدام لە ناتۆ دەکات و وادەیەکیش ئاشکرا دەکات

PM:03:01:12/05/2022

5172 جار خوێندراوەتەوە

هەر یەک لە سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی فنلەندا رایانگەیاند، پشتیوانی لە ئەندامبوونی وڵاتەکەیان لە پەیمانی باکوری ئەتڵەسی "ناتۆ" دەکەن. دەشڵێن، "رۆژی یەکشەممەی داهاتوو لیژنەی تایبەت بە دانوستانەکان بڕیاری وڵاتەکەیان لەو بارەوە ئاشکرا دەکەن".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، ساولی نینیستۆ سەرۆک و سانا مارین سەرۆک وەزیرانی فنلەندا راگەیەنراوێکی هاوبەشییان بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، بوون بە ئەندامی فنلەندا لە رێکخراوی ناتۆ دەبێتە هۆی بەهێزکردنی دۆخی ئەمنی ئەو وڵاتە و توانای بەرگری وڵاتەکیان بەهێزتر دەکات.

دەشڵێن، بەبێ هیچ دواکەوتنێک فنلەندا داوای بوون بە ئەندام پێشکەشی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی "ناتۆ" دەکات.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، رۆژی یەکشەممەی داهاتوو لیژنەی تایبەت بە کاروباری بوون بە ئەندام لە ناتۆ بڕیاری داوای کاندید بوونی فنلەندا لە ناتۆدا پێشکەش دەکات.

رۆژی چوارشەممە، ساولی نینیستۆ سەرۆکی فنلەندا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، بوون بە ئەندامی وڵاتەکەی لە ناتۆدا لە دژی هیچ لایەن و وڵاتێک نییە.

لە وەڵامی هەڕەشەکانی روسیادا، سەرۆکی فنلەندا ئاماژەی بەوەدا، ئێوە بوون بە هۆکار بۆ نانی ئەم هەنگاوە.

فنلەندا بەدرێژایی هەزار و ٣٤٠ کیلۆمەتر لەگەڵ روسیادا هاوسنورە و پێشتریش کۆشکی کرملن هۆشداریداوە لە دەرەنجامەکانی ئەگەری ئەوەی سوید و فنلەندا ببنە ئەندام لە ناتۆ.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە دوای ئەوەی لە ٢٤ی شوباتدا روسیا ئۆپراسیۆنی سەربازی لە ئۆکرانیادا دەستپیکرد، هەریەک لە وڵاتی فنلەندا و سوید بیرییان لەوەکردەوە ببنە ئەندام لە رێکخراوی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی "ناتۆ" کە لە سی ئەندام پیکهاتووە و دەسبەرداری دۆخی بێ لایەنی خۆیان ببن.













گەلەری