بڕیاربوو ١٤ی ٥ی ٢٠٢٢ ئەزموون و تاقیکردنەوەکانی کۆتایی زانکۆی راپەڕین بەڕێوەبچێت، بەڵام بە هۆکاری بایکۆت و پێنەدانی موچەی فەرمانبەران و مامۆستایانی زانکۆکە ئەزمونەکانی کۆتایی ساڵ پەکی کەوت و بۆ رێکەوتی ٣١ی ٥ی ٢٠٢٢ دواخرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەنجومەنی زانکۆی راپەڕین راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لە درێژەی کۆبونەوەکانی خۆی بۆ ڕۆژی دووەم بۆ تاوتوێکردنی دۆخی موچەی فەرمانبەران و مامۆستایان و شایستەدارایی خوێندکاران لە رۆژی ١٢/٥/٢٠٢٢ ئەنجومەنی زانکۆ کۆبەنەوەی خۆی ئەنجامدا.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەنجومەنی
زانکۆ بە رەچاوکردنی دۆخی ستافی زانکۆ و دۆخی دەرونی خوێندکاران، بڕیاریدا بە دیاریکردنی
تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ بۆ رێکەوتی ٣١/٥/٢٠٢٢ وە دیاریکردنی دەستپێکی خولی دووەمی
تاقیکردنەوەکان لە رێکەوتی ٣/٩/٢٠٢٢.
هەر بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی ئەنجومەنی زانکۆی راپەڕین، ئەنجومەن سەرجەم هەوڵەکانی
خۆی دەخاتە گەڕ تا بتوانرێت موچە و شایستە داراییەکان دابینبکرێن و بتوانرێت دۆخێکی
دەرونی ئارامتر فەراهەم بکرێت و خوێندنی ئەمساڵ بەسەرکەوتویی بە کۆتایی بگەیندرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، ماوەی
پێنج رۆژە بەشێک لە مامۆستایان و
فەرمانبەرانی زانکۆی هەڵەبجە و سلێمانی ورانیە بەهۆی دواکەوتن و پێنەدانی موچەکانیانەوە بایکۆتی دەوامییان کرد و
گردبوونەوەیان ئەنجامدا.