رۆژنامەی "Haaretz"ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، کاتێک شیرین ئەبو عاقلە پێکراوە؛ لەکاتی رووماڵدا بووە و تەنها ١٥٠ مەتر لە سەربازانی ئیسرائیلییەوە دوور بووە و بە چەکی جۆری ئێم١٦ کوژراوە.
رۆژنامەکە راپۆرتێکی لەبارەی کوژرانی شیرین ئەبو عاقلەی ژنەپەیامنێری کەناڵی جەزیرەوە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، ئەو گولـلەیەی بەر سەری شیرین کەوتووە، ٥،٥٦ میلیمەتر بووە و لە چەکی جۆری M16ی ئۆتۆماتیکی ئەمریکی دەرچووە.
ئاماژە
بەوەشکراوە، ئەو چەکە لەلایەن سەربازانی ئیسرائیلی و شانە چەکدارییەکانی کەناری رۆژئاوایشەوە
بەکار دەهێندرێت.
لە میانی لێکۆڵینەوەکەدا
دەرکەوتووە، کاتێک خانمە پەیامنێری کەناڵی ئەلجزیرەی قەتەریی، شیرین ئەبو عاقلە لە
شاری جەنین لە کەناری رۆژئاوا پێکراوە، ١٥٠ مەتر لە هێزەکانی ئیسرائیلەوە دوور بووە؛
کە لە میانی هەڵکوتانە سەر کەمپی پەنابەران لە جەنین لەلایەن سەربازانی هێزە تایبەتەکانی
ئیسرائیل چەندین جار تەقە کراوە، بەڵام هێشتا نازاندرێت ئەو گولـلەیەی بەر شیرین کەوتووە
گولـلەی ئیسرائیل بوو یاخود گولـلەی ئەو فەڵەستینییانەی تەقەیان کردووە.
هاوکات رۆژنامەی "Yediot Ahranot" بڵاویکردەوە، بێنی گانتز وەزیری بەرگریی
ئیسرائیل داوای لە دەسەڵاتداریێتی فەڵەستینی کردووە بۆ لێکۆڵینەوە، ئەو گولـلەیەی
بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی شیرین ئەبو عاقلە، رادەستی ئیسرائیلی بکات.
ئەوەش
لەکاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە، بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین،
خانمە پەیامنێر شیرین ئەبو عاقلەی تەمەن ٥١ ساڵ لە ئەنجامی دەستڕێژی گولـلەی سەربازانی
ئیسرائیل کە گولـلەی راستەقینەیان بەکارهێناوە، سەری بە سەختی بریندار بووە و
پاشان گیانی لەدەستداوە.
شیرین ئەبو عاقلە
رووماڵی ئەو هەڵمەتەی دەکرد کە دوێنێ سوپای ئیسرائیل بۆسەر کەمپی جەنین ئەنجامیدا.
شیرین ئەبو عاقلە
لە ساڵی ١٩٧١ لە شاری قودس لە دایکبووبوو و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە میدیا و رۆژنامەوانی
لە زانکۆی یەرموک لە ئوردن بە دەست هێنابوو و بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ پەیامنێری کەناڵی
ئاسمانیی ئەلجەزیرەی قەتەریی بوو.
هـ.ئـ