سەردێڕ:

زانیاری نوێ لەبارەی تەقینەوەکەی شەوی رابردووی سلێمانی

AM:09:07:12/05/2022

14172 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، هەر دوو نهۆمی کافتریاکە بەتەواوەتی رووخاوە و بەهۆیەوە ١٣ کەس برینداربوون کە دۆخی تەندروستییان جێگیرە. دەشڵێت، "پەنگخواردنەوەی غاز هۆکاری رووداوکەبووە و ئەوان ١٠٠٪ شوێنەکە دەگەڕێن بۆ دڵنیابوون لەوەی کەس لە ژێر داروپەردووی کافتریاکەدا بەجێنەماوە".


ئەمرۆ پێنجشەممە، دیار ئیبراهیم بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، تا ئێستا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە و نەگەیشتوونەتە دەرەنجامی کۆتایی.

وتیشی، رووداوەکە لە کاتژمێر ١ و چوار خولەکی شەوی رابردوو روویداوە و هۆکارەکەشی بەهۆی پەنگخواردنەوەی غازەوە بووە.

ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی رووداوەکەوە ١٣ کەس برینداربوون کە تەندروستییان جێگیرە.

بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سلێمانی باسی لەوەشکرد، بەهۆی رووداوەکەوە باڵەخانەی کافتریاکە کە دوو نهۆمە و ژێر زەمیننێکی هەیە، دوو نهۆمەکەی بەتەواوەتی رووخاوە و ٨٥٪ ژێر باڵەخانەکە پشکینینی بۆکراوە دەرکەوتووە کەسی تێدانییە، تەنها ١٠ -١٥٪ ماوە و چاوەڕێن ئامێریان بۆ بچێت تا ئەوێش بگەڕێن.

دەشڵێت، سەرجەم کارمەندەکانی کافتریاکە لەدەرەوەن و کەس لە ژێر داروپەردوی رووخاوی کافتریاکەدا بەجێنەماوە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەرکی ئەوانە ١٠٠٪ی باڵەخانەکە بگەڕێن تا دڵنیابن کەس لە ژێر دارو پەردووی باڵەخانەکە بەجێنەماوە لە میوان و کەسانێک سەردانی کافتریاکەیان کردووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، شەوی رابردوو لەکافتریای "لیلی" لە شەقامی سالمی شاری سلێمانی تەقینەوەیەک روویدا، سامان لەتیف وتەبێژی تەندروستی سلێمانی بە ئێن ئار تی راگەیاند، لە رووداوی تەقینەوەکەدا ١٣ هاوڵاتی برینداربوون.

ئاماژەی بەوەشدا، چوار لە بریندارەکان پێویستییان بە نەشتەرگەری هەبووە کە بۆیان ئەنجامدراوە و نۆ برینداریشیان لە نەخۆشخانە هێڵدراونەتەوە بەمەبستی وەرگرتنی چارەسەر.

وتیشی، چوار برینداری دیکەیان دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست رەوانەی ماڵەوە کراون.

 

 ئیحاسان سابر - سلێمانی 













گەلەری