وتەبێژی تەندروستی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە رووداوی تەقینەوەی کافتریاکەی شاری سلێمانی لە شەوی رابردوو ١٣ کەس برینداربوون کە چواریان نەشتەرگەرییان بۆکراوە و نۆ برینداریشیان لە نەخۆشخانە ماونەتەوە و چواری دیکەشیان رەوانەی ماڵەوە کراون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سامان لەتیف وتەبێژی تەندروستی سلێمانی بە ئێن ئار تی راگەیاند، لە رووداوی تەقینەوەکەی شەوی رابردووی یەکێک لە کافتریاکانی شاری سلێمانی ١٣ هاوڵاتی برینداربوون.
ئاماژەی بەوەشدا، چوار لە بریندارەکان پێویستییان بە نەشتەرگەری هەبووە کە
بۆیان ئەنجامدراوە و نۆ برینداریشیان لە نەخۆشخانە هێڵدراونەتەوە بەمەبستی
وەرگرتنی چارەسەر.
وتیشی، چوار برینداری دیکەیان دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست رەوانەی
ماڵەوە کراون.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی سێ لە بریندارەکان لە رێگەی
تیمی فریاگوزاری تەندروستی سلێمانییەوە رەوانەی نەخۆشخانەی شار کراون، نۆ برینداری
دیکەیان لەلایەن هاوڵاتییانەوە دەستبەجێ گەیەنراونەتە نەخۆشخانە.
ئاماژەی بەوەشدا، بەشێک لە بریندارەکان کرێکارن، بەڵام دیارنییە بریندارەکان
سەرجەمیان کرێکارن یان بەشێکیان کارمەندانی کافتریاکەن.
هەربەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی دوو بریندار لە ژێر داروپەردووی رووخاوی کافتریاکە
ماونەتەوە و تیمەکانی بەرگری شارستانی سەرقاڵی گەڕانن تا بیاندۆزنەوە و رزگارییان بکەن.
دایکی یەکێک لە بریندارەکان بە ئێن ئار تی راگەیاند، لە
رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندییان پێوەکردووە کە لە رووداوەکەدا کوڕەکەی بریندارە و
بقاری تەندروستی باشە، بەڵام یەکێک لە بەریندارەکان دۆخی تەندروسی باش نییە.
وتیشی، کوڕەکەم پێی وتوم کە
نهۆمی دووەمی کافتریاکە رووخاوە و بەشێک لە بریندارەکانیان لە نهۆمی یەکەم دەرهێناوە
لە ژێر دارو پەردووی نهۆمی دووەمدا.
ئەمە لەکاتێکدایە، شەوی رابردوو کاتژمێر ١ و ١٠ خولەک لەشەقامی سالم لە
شاری سلێمانی تەقینەوەیەک لە ناو یەکێک لە کافتریاکاندا روویدا، بەگوێرەی
زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی هۆکاری
تەقینەوەکە سیستمی غازی کافتریاکەبووە.
گۆران لوقمان – سلێمانی