سەردێڕ:

سەرۆکی حکومەت: بەهۆی نەگەڕانەوەی داهاتەکانەوە کێشە بۆ موچەی سلێمانی درووست بووە

PM:12:11:11/05/2022

9348 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەسەر نەمانی موچە و دیارنەمانی داهاتی سلێمانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسی ئەنجامدا و رایگەیاند، "دەمەوێت پارێزگارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە بۆم باسبکەن چی روودەدات، بەڵگەمان لەبەردەستدایە داهاتى پارێزگاکانى سلێمانى و هەڵەبجە ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەى حکومەت."


مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە کۆنفرانسەکەدا دەڵێت، وەک پێویست لە هەموو پارێزگاکاندا ئەجێندای حکومەت جێبەجێناکرێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، داهاتی ناوخۆ لە هەولێر و دهۆک زیادیکردووە و لەپارێزگاکانی دیکە وەک پێویست کاری لەسەر ناکرێت.

 

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەشکرد، "لەکاتی کۆرۆنا کێشەی ئابووری هەبوو داهاتی سلێمانی زیاتر بوو لە ئێستا ئەمەش جێگای پرسیارە و داوا لە بەرپرسانی کارگێڕی ئەو ناوچانە دەکەم بۆم روون بکەنەوە."

دەشڵێت، "بەڵگەمان لەبەردەستدایە داهاتى پارێزگاکانى سلێمانى و هەڵەبجە ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەى حکومەت."

 

راشیگەیاند، "حکومەتی هەرێم بەرپرس نییە لەوەی موچەی دابین نەکردووە و ئەوەی لە بەردەستیدا بووە موچەی پێدابینکردووە، کورتهێنانەکەش بەهۆی ئەوەوەیە لەو ناوچانە داهات ناگەڕێتەوە."

 

لەبارەی کێشەکانی هەرێم لەگەڵ بەغدادا لەبارەی پرسی نەوتەوە باسی لەوەکرد، "دەمانەوێت بەپێی دەستووری عێراق مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکەین و لە گفتوگۆی بەردەوامداین"، دەشڵێت، "لەسەر مەلەفی نەوت و غاز بە شێوەی فەرمی وەڵامی حکومەتی عێراقمان داوەتەوە."

وتیشی، ئەوە راست نییە کە هەرێم نایەوێت لەگەڵ بەغدا رێکبکەوێت و لەسەر مەلەفی نەوت و غاز بەشێوەی فەرمی وەڵامی حکومەتی عێراقیان داوەتەوە.

مەسرور بارزانی باسی لەوەشکرد، "ناردنی ٢٠٠ ملیارەکە دەستوورییە و لە دەستوور مافی کوردستان دیارە و دەبێت حکومەتی عێراق بەپێی فرۆشی نەوت میزانیەی هەرێم تەواو بکات."

وتیشی، "لەکاتی بەراوردی داتاکاندا روون بووەتەوە کە هەرێم لەسەر هەقە و بەڵام بڕیارەکان سیاسین بەڵام هیوادارین عێراق بتوانن رێز لە مافە دەستورییەکانمان بگرن."

 

لەبارەی نرخی بەنزینیشەوە ئەوەی خستەڕوو، "بڕیامانداوە سوتەمەنی پێویست هاودەربکرێت و نرخی بەنزین کەمبکرێتەوە."



 


 













گەلەری