کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق داھاتی فرۆشی نەوت چوار مانگی رابردووی راگەیاند و بەپێی راپۆرتەکە، بە بەراورد بە ساڵی رابردوو داهات ٨٢،٨٪ زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٣٨ ملیار و ٥٩ ملیۆن دۆلار.
کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (SOMO) رایگەیاند، داھاتی فرۆشی نەوتی عێراق لە میانی چوار مانگی رابردوودا، گەیشتووەتە ٣٨ ملیار و ٥٩ ملیۆن دۆلار.
بەپێی خشتەیەک کە لە ماڵپەڕی کۆمپانیاکە بڵاوکراوەتەوە، داھاتی فرۆشی نەوتی
عێراق لە میانی چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بە بەراورد لەسەر بنەمای ساڵانە بەڕێژەی
٨٢،٨٪ زیادی کردووە.
ئەوەش دوای ئەوە دێت، داھاتی فرۆشی نەوتی عێراق لە میانی چوار مانگی یەکەمی
ساڵی رابردوودا، گەیشتە ٢١ ملیار و ١١٠ ملیۆن دۆلار.
لە میانی ئەمساڵدا بەھۆی جەنگی روسیا-ئۆکراینا خواست لەسەر نەوت زیادی
کردووە و ھەر بەرمیلێکی نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا لەسەرووی ١٠٠ دۆلارەوە مامەڵەی
پێوەدەکرێت.
عێراق لە ئایاری ٢٠٢٠وە، پابەندی رێککەوتنی کەمکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی
نەوتە کە لەلایەن "ئۆپێک پڵەس"وە پەسەند کراوە و ئەوەیش کاریگەریی لەسەر
ھەناردەکردنی نەوت ئەو وڵاتە کردووە کە لە رەوشی ئاساییدا مانگە ١٠٧ ملیۆن بەرمیل
ھەناردە دەکات.
عێراق لە دوای سعودیە دووەم گەورە بەرھەمھێنەری نەوتی خاوە لەنێو وڵاتانی
ئەندام لە رێکخراوی ئۆپیک بەجۆرێک لە دۆخی ئاساییدا، رۆژانە تێکڕا چوار ملیۆن و
٦٠٠ ھەزار بەرمیل بەرھەم دەھێنێت و بۆ خەرجییەکانی دەوڵەتیش بەڕێژەی ٩٢٪، پشت بە
داھاتی فرۆشی نەوت دەبەستێت.