سەردێڕ:

ژینگەپارێزان دووبارە گردبوونەوە و گرێبەستەکانیان رەتدەکەنەوە

PM:03:26:10/05/2022

1536 جار خوێندراوەتەوە

نوێنەری ژینگەپارێزانی رانیە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەوان نوێکردنەوەی تەندەر و گرێبەستەکانیان رەتدەکەنەوە، چونکە بە ویست و کۆمپانیا و شارەوانی کراوە و مافی ئەوانی تێدا نەپارێزراوە.


سەربەست رەسوڵ نوێنەری ژینگەپارێزانی رانیە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، هەرچەندە گریبەستەکانیان ئەمڕۆ نوێدەکرێنەوە، بەڵام ئەوان ئامادە نین بچنەوە سەر کارەکانیان.

ئەوەشی خستەڕوو، "راستە سەرۆکی شارەوانیەکانی راپەرین بەڵێنی داوە گرێبەستەکانمان نوێ بکاتەوە و پێی راگەیاندوین ئەمڕۆ بچینەوە سەر کارەکانمان، بەڵام لەو گریبەستانەدا مافی ئێمە نەپاریزراوە بۆیە ئامادە نین کاربکەین."

ئاشکراشیکرد، "کۆمپانیاکانی پاککەرەوە ئامادە نین موچەی ئەو دوو مانگەی فەوتاوە بۆمان بگەڕێننەوە."

دەشڵێت، لە گرێبەستە نوێیەکاندا کۆمپانیاکانی پاکەرەوە هەم موچەکانیان کەمکردوونەتەوە هەم ژمارەی ژینگە پارێزان کەمکراوەتەوە.

سەربەست رەسوڵ ئاماژەی بەوەشدا، ئەوان رەتیدەکەنەوە بچنەوە سەر کارەکانیان و بەردەوام دەبن لە بایکۆتکردن.

ئەمەش دوای ئەوە دێت، دوای بایکۆتی ژینگەپارێزانی رانیە بە هۆی نوێنەکردنەوەی گریبەستەکانیان لە لایەن کۆمپانیاکانی پاککەرەوە و پێنەدانی موچەکانیان بایکۆتیان کرد و خۆڵ و خاشاک لە شارەکەدا کۆبوویەوە، دوێنێ شەو سەرۆکی شارەوانییەکانی راپەڕین لە میدیا نوخۆییەکانەوە باسی لەوەکرد، گرێبەستەکان نوێکراونەتەوە و ژینگەپاریزان دەتوانن بچنەوە سەر کارەکانیان.













گەلەری