سەردێڕ:

پارێزەری زیندانی کراوانی بادینان: ئەمرۆ بێریڤان ئەیوب ئازاد دەکرێت

PM:01:05:10/05/2022

2252 جار خوێندراوەتەوە

پارێزەری کەیسی زیندانی کراوانی بادینان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دوای تەواوکردنی رێکارە رۆتینییەکان، نزیک کاتژمێر ٣ی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ ژنە چالاکوان بێریڤان ئەیوب ئازاد دەکرێت.


ئەمڕۆ سێشەممە، بەشدار حەسەن پارێزەری کەیسی زیندانی کراوانی بادینان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، نوسراوی ئازادکردنی بێریڤان دەگەڕێنرێتەوە بۆ چاکسازی ژنان و لەوێشەوە بۆ ئاسایشی گشتی بەمەبستی تەواوکردنی هەندێ رێکاری رۆتینی.

 

وتیشی، رێکارەکان نابنە رێگر لەبەردەم ئازادکردنی بێریڤان ئەیوب و نزیک کاتژمێر ٣ی دانیوەڕۆی ئەمڕۆ ئازاد دەکرێت.

ئەندامێکی دیکەی تیمی پارێزەرانی زیندانی کراوانی بادینان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا ئاماژەی بەوەداوە، بێریڤان ئەیوب زیاتر لەماوەی دوو ساڵ لە زینداندابووە.

دەشڵێت، هیواخوازە قەرەبووی ئەو مافانەی بۆ بکرێتەوە کە پێشێلکراوە لە شیرازەی خێزان و تەندروستی، چونکە دادگا بێتاوانی بێریڤانی سەلماندووە.

ئەندامێکی دیکەی تیمی پارێزەرانی بادینان ئەوەشی خستەڕوو، ١٦ی ٥ی ٢٠٢٢ دادگا دانیشتنێکی دیکەی دەبێت تایبەت بە کەیسی پێنج لە زیندانی کراوانی شیلادزێ.

وتیشی لە رێکەوتی ٩ی ٨ی ٢٠٢٢ دادگا لەبارەی کەیسی "هێرش نەجم مەرعان" دادەنیشێت و دادگایی دەکرێت. دەشڵێت، کەیسەکەی هێرش پەیوەستە بە دەڤەری سۆرانەوە.

 

ئەمە لەکاتێکدایە، بێریڤان ئەیوب ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە دەستگیركراوە بێبەشكراوە لە بینینی خێزان و پێنج منداڵەكەی، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ ماوەی یەك ساڵ رێگەی پێنەدراوە پارێزەری بەرگریكاری هەبێت، بۆیە لە تەواوی قۆناغەكانی لێكۆڵینەوەكردنیش هیچ پارێزەرێك ئامادەنەبووە و لەماوەی رابردووشدا دوو جار دادگایی کردنەکەی بە چەند بیانویەک دواخرا.

 


جیهاد وەیسی - هەولێر



 













گەلەری