سەردێڕ:

مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆکانی سلێمانی و هەڵەبجە گردبوونەوە

AM:10:09:10/05/2022

2884 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی پێنەدانی موچەکانیان مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی سلێمانی و هەڵەبجە گردبوونەوە و بایکۆتی دەوامیانکرد و خوێندکارانیش بۆ پشتگیری لە مامۆستاکانیان نەچونە هۆڵەکانی خوێندنەوە.


ئەمڕۆ سێشەممە، مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی سلێمانی و هەڵەبجە دژی نەدانی موچەکانیان و وەستاندنی پەلەبەرزکردنەوەیان گردبوونەوەیان سازکرد و بایکۆتی دەوامیان کرد.

یەکێک لە مامۆستایانی زانکۆی هەڵەبجە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، مامۆستایانی زانکۆ نەوەیەک پێدەگەیەنن، بەڵام ئەوان ناچارن بۆ بژێوی ژیانیان دەرگای زانکۆکان دابخەن.

مامۆستایەکی دیکە ئاماژەی بەوەدا، ماوەی ٣٠ ساڵە ئەوان چاوەڕێی باشبوونی حکومەتن، بەڵام لە ئێستادا باوەڕیان بە نیشتیمان پەروەری نەماوە، چونکە هیچ خزمەتێکیان بە هاوڵاتیان نەکردووە و هیچ هەڵوێستێکیان بەرامبەر خەڵک نیە.

فەرمانبەرێک لەزانکۆی هەڵەبجە باسی لەوەکرد، داواکاری ئەوان لە موچە زیاترە، بەڵام ناچاریان دەکەن داوای موچە بکەن و ئەمەش سوکایەتییە بە شکۆی ئەوان و زانکۆ.

مامۆستایەکی زانکۆی سلێمانیش لە لێدوانێکیدا بۆ ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوەدا، "ئێمە یەک داواکاریمان هەیە ئەویش راگرتنی سوکایەتییە بە چینی موچەخۆر و موچەکانمان لە کاتی خۆیدا پێبدرێت، چونکە ئێمە ئەرک و مافمان هەیە."

فەرمانبەرێکی زانکۆی سلێمانی باسی لەوەکرد، داواکاری ئەوان ئەوەیە پلەبەرزکردنەوەیان بۆ بکرێت و موچەکانیان لە کاتی خۆیدا پێبدرێت و ماوەی سێ مانگە موچەیان پێنەدراوە.

هاوکات خویندکارانی زانکۆی سلێمانی لەگەڵ مامۆستایانی زانکۆکەیان گردبوونەوە و داوای دەرماڵەی خوێندنیان کرد و پاڵپشتی مامۆستاکانیان کرد.

خوێنکاران باسیان لەوەکرد، لە ناوچەکانی دیکەی کوردستان دەرماڵەی خوێندکاران دراوە، بەڵام هی سلێمانی نەدراوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، هێشتا فەرمانبەر و مامۆستایانی زانکۆکانی سلێمانی و هەڵەبجە موچەی مانگی سێیان وەرنەگرتووە لە کاتێکدا دەبوایە موچەی مانگی پێنج وەربگرن.














گەلەری