سەردێڕ:

شاسوار عەبدولواحید: لە ئەگەری بەردەوامی پەکخستنی پەرلەمان لە دادگای فیدڕاڵی سکاڵا تۆماردەکەین

PM:04:14:09/05/2022

7184 جار خوێندراوەتەوە

شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی هاوپەیمانی لە پێناو خەڵک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، لە ئەگەری بەردەوامی پەکخستنی کاری پەرلەماندا لە دادگای فیدڕاڵی سکاڵای یاسایی تۆماردەکەین.


ئاماژەی بەوەشکرد، سکاڵاکەمان بۆ راگرتنی موچەی ئەو پەرلەمانتارانە دەبێت کە بوونەتە هۆی پەکخستنی کاری پەرلەمان و بایکۆتی دانیشتنەکان دەکەن، بەو پێیەی پێچەوانەی سوێندە یاساییەکەیانە.

ئاماژەی بەوەشکرد، پەکخستنی پەرلەمان دەبێتە هۆی دواخستنی ئیش و کاری دەوڵەت و بەرژەوەندییەکانی هاوڵاتیان.

لەبارەی دەستپێشخەرییەکانی ئێستا بۆ پەرلەمانتارە سەربەخۆکانیش باسی لەوەکرد، "ئەگەر دەستپێشەخرییەکانی ئێستا داوا لە پەرلەمانتارە سەربەخۆکان بکات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران ئەوا ئێمەش داوا دەکەین بەوەی پەرلەمانتارە سەربەخۆکان سەرۆک کۆمارێکی سەربەخۆش هەڵبژێرین."

شاسوار عەبدولواحید وتیشی، "هەر لەسەرەتاوە بڕیارماندا، نەبینە بەشێک لە حکومەتی پشک پشکێنە، یان بەشدار لەدابەشکردنی دەسەڵات، تەنها بەرۆڵی پەرلەمانیمان هەستین لەم خولەی پەرلەماندا."

سەرۆکی هاوپەیمانی لەپێناو خەڵک راشیگەیاند، "ئامادەیی تەواومان هەیە بۆ پشتیوانیکردن لە پێکهێنانی ئەو حکومەتەی هەر لایەنێکی سەربەخۆ تەبەننای دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا کەتێێدا بەشدار نابین، بەم مەرجانەی خوارەوە

یەکەم: پێویستە کەسایەتییەکی عێراقی سەربەخۆی پەرێز پاک و نیشتمانی بێت و هیچ گومانێکی گەندەڵی لەسەر نەبێت و خاوەنی هیچ رەگەزنامەیەک نەبێت، جگە لە رەگەزناممەی عێراقی.

دووەم: ئەو کەسەی رادەسپێردرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت بەرنامەیەکی حکومی واقیعی پێشکەش بکات کە داواکاریی هاوڵاتیانی تێدا بێت و لەو بابەتانەی پەیوەندی بەژیانی خەڵکەوە هەیەو چارەسەری ئەو ئاڵنگاریانە بکات کەرووبەروی تاکی عێراقی دەبێتەوە لەهەموو کایەکاندا.

سێیەم: پێویستە لەگەڵ پارتە دەسەڵاتدارەکان بەشداری حکومەتەکانی پێشووی نەکردبێت و بەشێک نەبووبێت لەحکومەتەکانی پشک پشکێنە.

چوارەم: سەرجەم فراکسیۆنە سیاسییەکان و پەرلەمانتارە سەربەخۆکان بەڵێن بدەن هیچ دەستوەردانێک نەکەن لەپرۆسەی پێکهێنانی حکومەت و ویستی خۆیان نەسەپێنن بەسەریدا و بەسەر ئەو ئیدارەیەشدا کە لەلایەن ئەو کەسەی رایدەسپێرن بۆ پێکهێنانی حکومەت، ئەمەش بەو ئامانجەی حکومەتی داهاتوو حکومەتی پشک پشکێنە نەبێت.














گەلەری