وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، لە وەرزی نوێی بە بازاڕەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی وڵات بڕی ٥٠٠ ملیار دیناری وەک شایستەی دارایی جواتیاران تەرخانکردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، عەلا جبوری وەزیری کشتوکاڵی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە، بە مەبەستی زیادکردنی سەرکەوتنەکانی وەرزی بە بازاڕکردنی بەرهەمە کشتوکاڵیەکانی جوتیارانی وڵات، بڕی ٥٠٠ ملیار دیناریان بۆ شایستە داراییەکانی جوتیاران تەرخانکردووە.
باسی لەوەشکردووە، وەرزی بە بازاڕکردنی ئەمساڵ سەرکەوتنی بەرچاو بە
خۆیە دەبینێت و جوتیاران رۆژانە ٥٠ هەزار تەن لە بەرهەمەکانیان بۆ فرۆشتن
نمایشدەکەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، پێشتر وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند، لە یەکەم مانگی بە
بازاڕکردنی بەرهەمە ناوخۆییەکاندا ٤٠٠ هەزار تەن لە بەرهەمەکان فرۆشراوە.
هەروەها، عەبدولستار مەجید ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە
فراکسیۆنی کۆمەڵەی دادگەری لە فەیسبووکی خۆی بڵاویکردەوە، حکومەتی عێراق بڕیاریدا
بۆ ئەمساڵ نرخی کڕینەوەی گەنمی جوتیاران بەرز بکاتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش هەر تەنێک
گەنم بە ٧٥٠ هەزار دینار لە جوتیاران بکرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەمە بڕیارێکی دڵخۆشکەرە هەم بۆ جوتیاران
هەم بۆ تەواوی خەڵکی عێراقیش، چونکە دەبێتە هۆی عەمبارکردنی گەنمێکی زۆر کە بە خۆراکێکی
سەرەکی و ستراتیژیی دادەنرێت و وڵات لە برسێتی و گرانیی بەدور دەگرێت.
ساڵی رابردوو وەزارەتی بازرگانی عێراق نرخی یەک کیلۆ گەنمی
جوتیارانی لە نێوان ٤٧٠ بۆ ٦١٠ دینار دیاریکرد و لای خۆشییەوە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمیش
نرخی یەک کیلۆگرام گەنمی لە نێوان ٣٢٥ بۆ ٤٧٥ دینار دیاریکرد. بۆ ئەمساڵیش تا ئێستا
وەزارەتی کشتوکاڵ و بازرگانی هەرێم هیچ بڕیارێکی لەبارەی نرخی کڕینەوەی گەنمی جوتیاران
دەرنەکردووە.