وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێم رایگەیاند، لە سێ رۆژی جەژنی رەمەزاندا زیاتر لە ١٣٨ هەزار گەشتیار سەردانی سەنتەری شاری هەولێریان كردووە. دەشڵێت، "لە رۆژانی جەژندا زیاتر لە ٧٠ هەزار گەشتیار سەردانی سنوری سۆرانیان کردووە".
ئەمرۆ دووشەممە، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێم راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لە رۆژانی جەژندا ژمارەیەك گەشتیاری عێراقی و بیانی رویان لە هەرێمی كوردستان كردووە.
ئاماژەی بەوەشداوە، تەنیا لە سێ رۆژی جەژندا زیاتر لە ١٣٨ هەزار گەشتیاری
ناوخۆی كوردستان و عێراق سەردانی سەنتەری شاری هەولێریان كردووە و زیاتر لە هەزار
و ٧٠٠ شوێنی مانەوە و نووستنیان بۆ دابین كراوە.
کە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، ئیسماعیل مینە خان، بەڕێوەبەری
گشتی گەشتوگوزاری هەولێر ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەهۆی ئاسانكاری لە رێكارەكانی پێشوازیكردن
لە گەشتیاران وای کردووە ژمارەیەک گەشتیاری ناوخۆی هەرێم و عێراق و بیانی روو
لەهەرێم و شاری هەولێر بکەن.
هەربەگوێرەی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی گەشتوگوزار، لە رۆژانی
جەژندا زیاتر لە ٧٠ هەزار گەشتیاری ناوخۆ و عێراق سەردانی سنوری سۆرانیان كردووە.
ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٤ی ٥ی ٢٠٢٢ وەزارەتی
شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێم راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لە
سێیەم رۆژی جەژندا زیاتر لە ٢٤ هەزار گەشتیاری ناوخۆیی و پارێزگاکانی عێراق روویان
لە ناوچە گەشتیاری و هاوینەهەوارەکانی هەرێم کردووە.
هەر بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری
حکومەتی هەرێم، تەنیا ئەمڕۆ، سێیەم رۆژی جەژن نزیكەی ٢٠ هەزار گەشتیار سەردانی گەلی
عەلی بەگ و شوێنە گەشتیارییەكانی سۆرانیان كردووە.