سەردێڕ:

بۆ رۆژی دووەم مانگرتن و خۆپیشاندانی بەشێک لە توێژە جیاوازەکان بەردەوامە

AM:10:51:09/05/2022

2068 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ بۆ رۆژی دووەم مانگرتن و خۆپیشاندانی بەشێک لە فەرمانبەران و مامۆستایانی زانکۆی سلێمانی بەهۆی پێنەدانی موچەکانیانەوە لە هەردوو کەمپی کۆن و نوێی زانکۆی سلێمانی بەردەوامە. هاوکات، بەشێک لە ژینگە پارێزانی رانییەش بەهەمان هۆکار بەردەوامن لە گردبوونەوە و خۆپیشاندان.


ئەمڕۆ دووشەممە، بەهۆی دواکەوتنی موچەکانیانەوە بەشێک لە مامۆستا و فەرمانبەرانی زانکۆی سلێمانی رێگای بەردەم کەمپی کۆنی زانکۆی سلێمانییان داخست.

مامۆستایەکی زانکۆی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، پرسی پێدانی موچەکانیان لە لایەن حزبە سیاسییەکانی دەسەڵاتەوە بە سیاسیی کراوە و قوربانی سەرەکییش فەرمانبەران و موچەخۆرانی حکومەتن.

مامۆستایەکی دیکەش ئاماژەی بەوەدا، بە نیازنیین دەست بە پرۆسەی خوێندن بکەنەوە لە ناو زانکۆکاندا تا ئەوکاتەی وەڵامێکی تەواویان پێدەدرێتەوە دەربارەی موچە و مافە سەرەتاییەکانیان.

ئەمە لەکاتێکدایە، بەگوێرەی ئەو لیستەی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم مانگی رابردوو بڵاویکردەوە، دەبوایە لە ٢٨ی ٤ی ٢٠٢٢ موچەی سەرجەم فەرمانبەران بۆ مانگی سێ "ئادار" دابەش بکرایە، بەڵام وەک هەمیشە دابەشکردنی موچە بۆ دوای جەژنی رەمەزان دواخرا و تا ئێستا بەشێک لە فەرمانبەران و ژینگە پارێزان موچەی مانگی رابردوو و هەشیانە ٦٨ رۆژە، واتە زیاتر لە دوومانگە موچەکانیان وەر نەگرتووە.

هەروەها، لە رانیە زیاتر لە هەزار فەرمانبەر و ژینگەپارێز بەهۆی دوورخرانەوەیان لە کارەکانیان و پێنەدانی موچەکانیان بۆ رۆژی دووەم گردبوونەوە و بەرەبیانی ئەمڕۆ لەبەردەم دەرگای سەرۆکایەتی شارەوانی رانییەدا گردبوونەوە و رێگەیان نەدا فەرمانبەرانی شارەوانی بچنە ژوورەوە.

ژینگە پارێزانی رانییە لەبەردەم سەرۆکایەتی شارەوانی رانیە گردبوونەوە و داوای پێدانی موچەی ٦٩ رۆژیان دەکەن. دەشڵێت، سەرۆکایەتی شارەوانی بەرپرسی سەرەکییە لە پێنەدانی موچەکانیان.

هاوکات، ژینگە پارێزان داوایان کرد، گرێبستەکانیان نوێ بکرێتەوە بەمەبەستی درێژەدان بەخزمەتکردن لەو کەرتەدا، کە بەهۆی نوێ نەکردنەوەی گرێبەستەکانیان ناتوانن چی دیکە دەوام بکەن و دەکراون.

ژینگە پارێزێک بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکانیان سەرۆکایەتی شارەوانی بە بەرپرس دەزانن، چونکە دەتوانێت گرێبەستەکانیان بۆ نوێ بکاتەوە.

دەشڵێت، زۆرێک لە ژینگە پارێزان زیاتر لە ١٥ ساڵ خزمەتیان هەیە، بەڵام حکومەت بێوەفا بووە بەرامبەریان لە کاتێکدا دەبوو مانگی رابردوو گرێبەستەکانیان بۆ نوێبکرێتەوە تا ئێستا نوێنەکراونەتەوە و دەیانەوێت ژینگەپارێزی نوێ بهێنن.

 

 

باخان تۆفیق - رانییە

کارزان تاریق - سلێمانی













گەلەری