سەردێڕ:

ئەمڕۆ موچەی ئەم شوێنە دابەشدەکرێت

AM:09:24:09/05/2022

27440 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی نوێترین خشتەی دابەشکردنی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم بۆ مانگی نیسان، ئەمڕۆ موچەی وەزارەتی تەندروستی دابەش دەکرێت.


وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم خشتەی دابەشکردنی موچەی مانگی نیسانی ٢٠٢٢ی بڵاوکردەوە تیایدا هاتووە، ئەمڕۆ ٩ی ٥ی ٢٠٢٢ موچەی وەزارەتی تەندروستی دابەشدەکرێت.

لە رێکەوتی ٥ی ٥ی ٢٠٢٢ چاوگێک لە وەزارەتی دارایی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، پارەی تەواویان لەبەردەستە بۆ دەستپێکردنی دابەشکردنی موچە و لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا دەست بە دابەشکردنی دەکەن.

ئاماژەی بەوەشدا، پارەی پێویست بۆ دابەشکردنی موچە لەبەردەستدایە و تەنها بڕێکی کەمی ماوە، کە بە گەڕانەوەی داهاتی ئەم چەند رۆژەی خاڵە سنورییەکان پارەکە دابیندەکرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەو موچەیەی حکومەت بڕیارە دابەشیبکات موچەی مانگی نیسانە؛ لە کاتێکدا فەرمانبەرانی هەرێم نزیکن لە ناوەڕاستی مانگی ئایار. لەماوەی رابردوودا حکومەتی هەرێم بەڵێنی دابوو هەموو ٢٥ی مانگێک موچە دابەشبکات، بەڵام نەک بەڵێنەکەی نەبردووەتەسەر، بەڵکو دابەشکردنی موچە مانگێک لەدوایە.

جگە لەوەی سیستمی دابەشکردنی موچە خراپە و بەبیانووی نەبوونی پارەوە دابەشکردنەکە دوادەکەوێت؛ ئەو گرفتەش زیاتر سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕینی گرتووەتەوە.

سەرەڕای ئەوانەش شێوەی دابەشکردنی موچەی خانەنشینان کێشەی تێدایە و تەنها لەکاتی دابەشکردنی موچەی مانگی شوبات و لە رۆژی جەژنی نەورۆزدا پێنج خانەنشین لەسەرەی وەرگرتنی موچەکانیان گیانیان لەدەستداوە، لە کاتی دابەشکردنی موچەی مانگی ئازار، چەندین خانەنشین برینداربوون و لەلایەن پاسەوانانی بانکەکانەوە مامەڵەی نەشیاویان لەگەڵ دەکرێت و پاڵیان پێوەدەنرێت یاخود داری کارەباییان لێدەدەن.













گەلەری