سەردێڕ:

حکومەتی فیدڕاڵی بڕیارێکی نوێی لەبارەی کڕینی گەنمی جوتیارانەوە دەرکرد

AM:08:47:09/05/2022

7564 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانتارێکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، حکومەتی فیدڕاڵی بڕیاریداوە بۆ ئەمساڵ، گەنمی جوتیاران بە نرخێکی زۆرتر لە ساڵانی رابردو لە جوتیاران بکڕێتەوە، بەمەش وڵات لە برسێتی و گرانی بەدور دەگرێت.


عەبدولستار مەجید ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی کۆمەڵەی دادگەری لە فەیسبووکی خۆی بڵاویکردەوە، حکومەتی عێراق بڕیاریدا بۆ ئەمساڵ نرخی کڕینەوەی گەنمی جوتیاران بەرز بکاتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش هەر تەنێک گەنم بە ٧٥٠ هەزار دینار لە جوتیاران بکرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئەمە بڕیارێکی دڵخۆشکەرە هەم بۆ جوتیاران هەم بۆ تەواوی خەڵکی عێراقیش، چونکە دەبێتە هۆی عەمبارکردنی گەنمێکی زۆر کە بە خۆراکێکی سەرەکی و ستراتیژیی دادەنرێت و وڵات لە برسێتی و گرانیی بەدور دەگرێت.

عەبدولستار مەجید ئەوەشی خستووەتەڕوو، "با بزانین لەدوای ئەو بڕیارەی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، حکومەتی هەرێم چی دەکات و چۆن گەنمی جوتیاران دەکڕێتەوە".

هەروەها، لەلایەن خۆیەوە محەمەد حەنون وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، پابەندن بە بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ بەرزكردنەوەی وەرگرتنی نرخی گەنمی ئەمساڵی جوتیاران و لەم وەرزەدا سەرجەم بڕی گەنمی بەرهەمهێندراو بەپێی پلانی كشتوكاڵی لە جوتیاران دەكڕنەوە.

باسی لەوەشکردووە، هەموو رێوشوێنەكانی بازاڕكردن ئامادەن بۆئەوەی گەنمی جوتیاران لەسەرتاسەری عێراق وەربگرن، ئەگەر عێراق پێویستی بە چەند گەنم بێت بۆ تەواوكردنی پێداویستی ناوخۆ، وەزارەتی بازرگانی ئامادەیە بڕی پێویست گەنم هاوردە بكات ئەویش گرێبەست لەگەڵ وڵاتانی جیهان دەبێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، ساڵی رابردوو وەزارەتی بازرگانی عێراق نرخی یەک کیلۆ گەنمی جوتیارانی لە نێوان ٤٧٠ بۆ ٦١٠ دینار دیاریکرد و لای خۆشییەوە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمیش نرخی یەک کیلۆگرام گەنمی لە نێوان ٣٢٥ بۆ ٤٧٥ دینار دیاریکرد. بۆ ئەمساڵیش تا ئێستا وەزارەتی کشتوکاڵ و بازرگانی هەرێم هیچ بڕیارێکی لەبارەی نرخی کڕینەوەی گەنمی جوتیاران دەرنەکردووە.













گەلەری