سەردێڕ:

دواجار وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت هاوردەکردنی نەوتی روسیای قەدەغەکرد

AM:08:29:09/05/2022

3000 جار خوێندراوەتەوە

وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت هاوردەکردنی نەوتی روسیایان قەدەغەکرد و ئەمەریکاش سزای بەسەر بەڕێوبەرەکانی بانکی گازپڕۆمی روسیا و خاوەن کارەکانی دیکەی ئەو وڵاتەدا سەپاند.


ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئەم هەنگاوەش نوێترین رێوشوێنی خۆرئاوایە بۆ فشار خستنە سەر ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا تا کۆتایی بە داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا بهێنێت.

ئاماژەی بەوەشداوە، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەشداری لە کۆبوونەوەی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوتدا کرد کە تیایدا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا کرد.

ئاژانسی رۆیتەرز ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی کۆمەڵێک بابەت کرا، لەوانەش جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا و پشتیوانیکردن لە ئۆکرانیا و گرتنەبەری رێوشوێنی زیاتر دژی روسیا.

هەروەها، وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت راگەیەنراوێکی هاوبەشیان دەرکرد کە تیایدا هاتووە، "پابەندین بە کەمکردنەوەی پشت بەستنمان بە وزەی روسیاوە، ئەوەش لەڕێی قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوتی روسیاوە".

هاوکات، ئیدارەی جۆ بایدن سەپاندنی سزای بەسەر سێ کەناڵی تەلەفیزیۆنی روسیدا سەپاند، هەروەها لەسەر ئەمەریکییەکانی قەدەغەکرد خزمەتگوزاری ژمێریایی و راوێژکردن بدەن بە روسییەکان.

هەروەها، کۆتوبەندی خستەسەر ڤیزای دوو هەزار و ٦٠٠ بەرپرسی روسی و بێلاڕوسی.

لە چوارچێوەی سەپاندنی سزا نوێیەکاندا، بەڕێوبەری جێبەجێکاری بانکی گازپڕۆمی روسی کە گەورەترین کۆمپانیای هەناردەکردنی گازی روسییە سزای بەسەردا سەپێنرا.

لەو بارەیەشەوە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، هەریەک لە ئالێکی میڵەر و ئاندرێی ئاکیمۆڤن بەڕێوبەرانی بانکی گازپڕۆم سزاکانی ئەمەریکا گرتوونییەتەوە.

بەرپرسێکی باڵای ئیدارەکەی جۆ بایدن ئاشکرای کرد، "ئەمە قەدەغەكردنی تەواوەتی نیە، سەرمایەکانی بانکی گازپڕۆم سڕ ناکەین یاخود مامەڵەکردن لەگەڵ بانکەکەدا قەدەغە ناکەین. تەنها ئاماژە بەوە دەدەین کە گازپڕۆم پەناگەیەکی پارێزراو نیە، لەبەر ئەوە سزا بەسەر کۆمەڵێک بەڕێوبەری باڵایاندا دەسەپێنین."

ئەمە لەکاتێکدایە، دوای دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی روسیا لە ئۆکرانیا لە ٢٤ی ٢ی ٢٠٢٢، ئەمریکا و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و هاوپەیمانەکانیان چەندین سزای توندی بازرگانی و ئابوری و داراییان بەسەر کەرتی وزە و بانکی ناوەندی و چەندین کۆمپانیای گەورەی بواری وزەی روسیدا سەپاند و دواجار هەناردەکردنی وزەی روسی "نەوت و غاز" یان لەو وڵاتە قەدەغەکرد، کە تەنها ئەروروپا نزیکەی ٤٠٪ غازی روسی هاوردەکات و بەکاری دەهێنێت.













گەلەری