سەردێڕ:

شیرین چۆن بینایی بۆ گەڕایەوە؟

PM:03:36:08/05/2022

94720 جار خوێندراوەتەوە

گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕەکۆمەڵاتییەکان بڵاوکراوەتەوە تیایدا ژنێک چاوەکانی لەدەستداوە و گوایە پزیشکەکان نەیانتوانیوە چارەسەری بکە، دواجار مامۆستایەکی ئاینی چارەسەری کردووە. پزیشکێکی پسپۆڕ لەسەر جۆری نەخۆشییەکە و چارەسەرکردنی رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.


لەگرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە ژنێک بەناوی "شرین عەزیز مەحمود" هاوسەری "لوقمان خورشید مەحمود" کە خەڵکی سرێشمەن، چاوەکانی لەدەستداوە و پێیان راگەیاندووە جاد و سیحری لێکراوە.

وەک لە گرتە ڤیدۆییەکەدا دەردەکەوێت، ژنەکە چاوەکانی نابینن و لوقمانی هاوسەری دەڵێت بۆ چارەسەرکردنی سەردانی دوو پیزیشکیان کردووە، بەڵام نەیان توانیوە چارەسەری بکەن، بۆیە سەردانی مامۆستایەکی ئاینییان کردووە و توانیویەتی چارەسەری بکات.

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەکە و هەواڵەکە، ئەحمەد یەحیا پزیشکی پسپۆڕی چاو لە فەیسبووکی خۆی روکردنەوەیەکی لەبارەی جۆری نەخۆشییەکە و نیشانەکانی و چۆنییەتی چارەسەرەکەی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە،لە راستیدا ئەو نەخۆشە چاوی لەدەستنەداوە بەڵکو تێکچوونی لایەنی دەروونی نەخۆشەکەیە کە پێی دەوترێت ( Conversion disorder )

ئەو پزیشکە ئاماژەی بەوەداوە، نیشانەکانی ئەم کیسە بریتییە لەوەی کەسی توشبوو وا هەست دەکات هەموو لاشەی یان بەشێکی لاشەی ناجوڵێت یان وا هەست دەکات یەکێک لە هەستەوەرەکانی لە دەست داوە وەکو بینین یان بیستن.

دەشڵێت، ئەوانەی ئەم حاڵەتە زۆر زیاتر تووشییان دەبێت گەنجانن بە تایبەتی ژنان.

لەبارەی هۆکاری توشبوون بەم حاڵەتە ئەحمەد یەحیا ئەوەشی خستووەتەڕوو، تێکچوونی لایەنی دەرونی بە هۆی زەبرێکی دەرەکی یان هەواڵێکی لە ناکاو و ناخۆش، یان جێبەجێنەکردنی داواکاری کەسەکە لە لایەن کەسوکارییەوە دەبێتە هۆی توشبوون بەم حاڵەتە.

هەروەها، لەبارەی چارەسەرەی کەیسەکەوە ئەو پسپۆڕەی بواری چاو دەڵێت، پێشەکی دەبێت سەردانی پزیشکی ئەو بەشە بکرێت کە نەخۆش کێشەی لێ هەیە، بۆ نموونە دەڵێت: چاوم نابینێت، یان پێڵووی چاوی بڵندنابێت، دەبێت پزیشکی چاو پشکنینی تەواوی بۆ بکات و دڵنیا بێت کە نەخۆشییەکەی ئۆرگانی نییە، ئەگەر ئۆرگانی نەبوو دەبێت رەوانەی لای پزیشکی دەروونی بکرێت تا کێشەکەی چارەسەر بکات.

باسی لەوەشکردووە، "رۆژانە ١٠ بۆ ١٥ لەم جۆرە نەخۆشە دەگەیەنرێتە فریاکەوتنەکان و بەچەند چارەسەرییەکی سادە چاک دەبنەوە، من خۆم وەکو پزیشکی چاو چەندان حاڵەتی لە جۆرەم چارەسەر کردوە، واتا نەخۆشییەکە ترسناک نییە و جنۆکە نییە و زیاتر پێویستی بە پزیشکی دەروونی هەیە تا چاک بێتەوەو دووبارە نەبێتەوە".













گەلەری