سەردێڕ:

وەزارەتی دارایی خشتەی دابەشکردنی موچەی مانگی نیسانی بڵاوکردەوە

PM:02:41:08/05/2022

23820 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دارایی خشتەی دابەشکردنی موچەی مانگی نیسانی بڵاکردەوە کە سبەینێ دووشەممە رێکەوتی ٩ی ٥ی ٢٠٢٢ دەستپێدەکات و لە رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٣٠ی ٥ی ٢٠٢٢ تەواو دەبێت.


ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم خشتەی دابەشکردنی موچەی مانگی نیسانی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە سبەینێ دووشەممە ٩ی ٥ی ٢٠٢٢ موچەی وەزارەتی تەندروستی دابەشدەکرێت.

ئاماژەی بەوەشداوە، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١٠ی ٥ی ٢٠٢٢ موچەی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکەی ٧٠ و ٨٠ دابەشدەکرێت.

بەگوێرەی خشتەکەی وەزارەتی دارایی، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١١ی ٥ی ٢٠٢٢ موچەی وەزارەتی دارایی و ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتی دام و دەزگا نەوتییەکان و بەڕێوەبەراتی گشتی رەگەزنامە دابەشدەکرێت.

هەروەهو، رۆژی پێنجشەممە ١٢ی ٥ی ٢٠٢٢ موچەی هێزی زێرەڤانی و فەرماندەی بەرگری فریاکەوتن و رۆژی یەکشەممە ١٥ ی٥ی ٢٠٢٢ وەزارەتی کاروباری شەهیدان و کەسو کاری شەهید و ئەنفالکراوان و زیندانە سیسییەکان دابەشدەکرێت.

رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٦ی ٥ی ٢٠٢٢ موچەی وەزارەتی پەروەردە دابەش دەکرێت.

هەربەگوێرەی خشتەکەی وەزارەتی دارایی رۆژی سێشەممە ١٧ی ٥ی ٢٠٢٢ موچەی ئەنجومەن و دەزگای ئاسایش و وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و کەم ئەندامان دابەش دەکرێت.

رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٨ی ٥ی ٢٠٢٢ موچەی وەزارەتی داد و ئەنجومەنی دادوەری و وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی و مافی مرۆڤ و دەستەی دەستپاکی و دەستەی وەبەرهێنان و دەستەی ژینگە و دەزگای مین و ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم و کۆمسیۆنی باڵا هەڵبژاردن و دیوانی چاودێری دارایی دابەشدەکرێت.

رۆژی پێنجشەممە ١٩ی ٥ی ٢٠٢٢ موچەی وەزارەتی پلاندانان و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و گواستنەوە و گەیاندن و کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دابەشدەکرێت.

هەر بەگوێرەی خشتەی دابەشکردنی موچە، رۆژانی شەممە و یەکشەممە و دووشەممە رێکەوتی ٢١ و ٢٢ و ٢٣ی٥ی ٢٠٢٢ موچەی خانە نشینی شارستانی دابەشدەکرێت.

رۆژی سێشەممە ٢٤ی ٥ی ٢٠٢٢ موچەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان دابەشدەکرێت.

رۆژی چوارشەممە ٢٥ی ٥ی ٢٠٢٢ موچەی وەزرەتی کارەبا و خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دابەشدەکرێت.

رۆژی پێنجشەممە ٢٦ی ٥ی ٢٠٢٢ موچەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و سەرۆکایەتی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکایەتی پەرلەمان دابەشدەکرێت.

رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە رێکەوتی ٢٩ و ٣٠ی ٥ی ٢٠٢٢ موچەی خانەنشینی پێشمەرگە دابەش دەکرێت.

لە رێکەوتی ٥ی ٥ی ٢٠٢٢ چاوگێک لە وەزارەتی دارایی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، پارەی تەواویان لەبەردەستە بۆ دەستپێکردنی دابەشکردنی موچە و لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا دەست بە دابەشکردنی دەکەن.

ئاماژەی بەوەشدا، پارەی پێویست بۆ دابەشکردنی موچە لەبەردەستدایە و تەنها بڕێکی کەمی ماوە، کە بە گەڕانەوەی داهاتی ئەم چەند رۆژەی خاڵە سنورییەکان پارەکە دابیندەکرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەو موچەیەی حکومەت بڕیارە دابەشیبکات موچەی مانگی نیسانە؛ لە کاتێکدا فەرمانبەرانی هەرێم نزیکن لە ناوەڕاستی مانگی ئایار. لەماوەی رابردوودا حکومەتی هەرێم بەڵێنی دابوو هەموو ٢٥ی مانگێک موچە دابەشبکات، بەڵام نەک بەڵێنەکەی نەبردووەتەسەر، بەڵکو دابەشکردنی موچە مانگێک لەدوایە.

جگە لەوەی سیستمی دابەشکردنی موچە خراپە و بەبیانووی نەبوونی پارەوە دابەشکردنەکە دوادەکەوێت؛ ئەو گرفتەش زیاتر سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕینی گرتووەتەوە.

سەرەڕای ئەوانەش شێوەی دابەشکردنی موچەی خانەنشینان کێشەی تێدایە و تەنها لەکاتی دابەشکردنی موچەی مانگی شوبات و لە رۆژی جەژنی نەورۆزدا پێنج خانەنشین لەسەرەی وەرگرتنی موچەکانیان گیانیان لەدەستداوە، لە کاتی دابەشکردنی موچەی مانگی ئازار، چەندین خانەنشین برینداربوون و لەلایەن پاسەوانانی بانکەکانەوە مامەڵەی نەشیاویان لەگەڵ دەکرێت و پاڵیان پێوەدەنرێت یاخود داری کارەباییان لێدەدەن.

 













گەلەری