دوێنێ وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژی دژی ژنانی سلێمانی رایگەیاند، ژنێک لەلایەن هاوسەرەکەیەوە ١٥ چەقۆی لێدراوە و ئەمڕۆش هاوسەرەکەی روونکردنەوەی دا و دەڵێت، "من کارێکی لەو جۆرەم نەکردووە."
دوێنێ هەینی، راز فریا وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژی دژی ژنانی سلێمانى رايگەیاند، ، ژنێک لەلایەن هاوسەرەکەیەوە ١٥ چەقۆی لێدراوە، بەڵام تەندروستی ژنەکە باشە.
ئەمڕۆش، لە لێدوانێکدا بۆ
ئێن ئاڕ تی، هاوسەری ژنەکە رایگەیاند، بە هەموو جۆرێک ئەو تاوانبارکردنە رەتدەکاتەوە
و ئامدەیشی تێدایە رۆژی یەکشەممە لەگەڵ پارێزەرەکەی بچێتە بەردەم دادگا و بێتاوانی
خۆی بسەلمێنێت.
هاوسەری ژنەکە ئاماژەی
بەوەشکردووە، ئەگەر ئەو تاوانباربێت ئامدەیە سزای خۆی وەربگرێت و ئەگەریش نا، ئەوا ئەو داوای قەربوو دەکات لەپای
تاوانبارکردنەکەی.
لەلایەکی دیکەشەوە، دایکی
ئەو ژنە بە ئێن ئاڕ تی وتویەتی، "هاوسەری کچەکەم بەردەوام هەڕەشەی لێکردووین
و لە ترسی ئەو نەمانتوانیووە بە ئارامی بژین."
ئاشکراشیکرد، هیچ گرێبەستێکی
هاوسەرگیری لەنێوان کچەکەیی و هاوسەرەکەیدا
بوونی نییە و ئەوەی لە نێوانیاندا بووە تەنها مارەکردنی لای مامۆستای ئاینی بووە.
هاوکات، ئەو ژنەی چەقۆکانی
لێدراوە باسی لەوەکرد، بە هۆی ئەوەی ناگونجێن و بەردەوام هاوسەرەکەی توندووتیژی بەرامبەرکردووە ماوەی هەشت
مانگە ماڵی هاوسەرەکەی بەجێهێشتووە.