سەردێڕ:

وەزیری نەوتی عێراق: بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی وەک خۆی جێبەجێ دەکەین

PM:07:41:07/05/2022

30284 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان روون و ئاشکرا نییە و داهاتە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان ٥٠٪ی نرخی نەوتی فرۆشراو دابین ناکەن و دەشڵێت، "دوای جێبەجێکردنی بریارەکەی دادگای فیدراڵی ئامادەین گفتوگۆ لەگەڵ هەرێم بکەین."


ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، بەهۆی کێشەی نەوتی هەرێمەوە ناتوانن خواستی کڕیارەکانی ئۆپیک دابین بکەن و ئەوەی هەرێمی کوردستان لە فرۆشتنی نەوتدا دەیکات لە هیچ وڵاتێکدا بوونی نییە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئیدارەدانی مەلەفی نەوت لە هەرێمی کوردستان نادروستە و پێویستە ئیدارەدانی نەوتی هەرێم بە هاوبەشی بێت لەگەڵ عێراقدا و دەشڵێت، دەمانەوێت مەلەفی نەوتی لەلایەن کۆمپانیایەکی سەر بە حکومەتی ناوەندەوە ئیدارە بدرێت." 

دەشڵێت، "تەنها ٥٠٪ داهاتی فرۆشتنی نەوت دەگەڕێتەوە خەزێنەکانی حکومەت و شێوازی بەڕێوەبردنی نەوتی هەرێم نادروستە و گونجاو نییە نەوت بە نرخی سۆمۆ کەمتر بفرۆشرێت."

لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییەوە باسی لەوەشکردووە، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەبارەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمەوە هاوتایە لەگەڵ دەستوری عێراقی، بۆیە میزاجی سیاسی ناتوانێت بڕیار لە بازرگانی نەوت بدات.

ئیحسان عەبدولجەبار ئاماژەی بەوەشکردووە، مەلەفی نەوت مەلەفێکی گرنگە و کاریگەری لەسەر سیاسەتی دەروەی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا هەیە.

 

ئیحسان عەبدولجەبار باسی لەوەشکردووە، "لە هیچ وڵاتێک نەبووە دوو سیاسەتی نەوتی هەبێت لە یەک کاتدا و ئەم جیاوازیەی نێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێم لە مامەڵەکردن لەگەڵ سۆمۆ کێشەی بۆ حکومەتی عێراق دروستکردووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە رێکەوتی ١٥ی ٢ی ٢٠٢٢ دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق بڕیاریدا یاسای فرۆشتنی نەوت و غاز لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە نا دەستورییە و دەپێت حوکەمتی هەرێم پابەندی دەستوریبێت.

لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراقدا هاتبوو، وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵی دەبێت بەوردی چاودێری گرێبەست و داهاتی فرۆشتنی نەوت و غازی هەرێم بکات و لەبەرامبەردا هەرێم پابەند دەکرێت بە سەرجەم بڕیارەکانەوە.

 













گەلەری