سەردێڕ:

لەمەودوا رێگە بە بازرگانان دەدرێت بەنزین لە دەرەوە هاوردە بکەن

PM:06:54:07/05/2022

6456 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری سوتەمەنی ھەولێر رایگەیاند، حکومەتی عێراق ھەناردەکردنی بەنزینی بۆ ھەرێمی کوردستان راگرتووە و لەمەودوا رێگە بە بازرگانان دەدرێت بەنزین لە دەرەوە هاوردە بکەن.


ئاری کاکە شین بەڕێوەبەری سوتەمەنی ھەولێر لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی رایگەیاندووە، لەمەودوا رێگە دەدرێت بە هاوردەکردنی بەنزین لە دەرەوەی وڵاتەوە بەگوێرەی ئەو مەرجانەی کە دیاریکراون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە ھاوردەکردنی بەنزین بەجۆرێک بێت کوالێتەکەی باش بێت و بەنزینێکی خراپ نەبێت و کۆمپانیا و بازرگانەکان داواکاری پێشکەشی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بکەن و رێگەیان پێ دەدرێت بەنزین ھاوردە بکەن.

دەشڵێت، " پێویستە کوالیتی ئەو بەنزینەی بازرگانەکان هاوردەی دەکەن ھاوشێوەی بەنزینی کۆمپانیای کار بێت."

بەگوێرەی قسەکانی بەڕێوەبەری سوتەمەنی هەولێر، بڕیارەکە دەبێتە ھۆی هەرزانبوونی نرخی بەنزین، چونکە ئەوەی بەنزین ھاوردە بکات بە جۆرێک دەبێت لە نرخی ئێستا ھەرزانتر دەبێت، کە ئەوەش هۆکارێکە بۆ هەرزانبوونی نرخی بەنزین.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشتر حکومەتی عێراق بەنزینی بۆ ھەرێم دەنارد کە بڕەکەی ڕۆژانە ١٨٠ ھەزار لیتر تا ٣٦٠ ھەزار لیتر بەنزین بوو.

ئاری کاکە شین باسی لەوەشکردووە، ئەوان لە چاودێری کردنی بازاڕ بەردەوام دەبن و هەر کەسێک بەنزینی خراپ بفرۆشێت سزا دەدرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، گرانی نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان بووەتە جێگەی نیگەرانی هاوڵاتیان و شۆفێرانی تاکسی و بارگرانییەکی گەورەی دروست کردووە لە کاتێکدا خاکی هەرێمی کوردستان دەوڵەمەندە بە نەوتی خاو کە سەرچاوەی بەرهەمهێنانی بەنزینی ئۆتۆمبێلە، بەڵام حکومەتی هەرێم نەیتوانیووە ئەو کێشەیە وەک کێشەکانی دیکە چارەسەر بکات.

لە شارەکانی هەرێم لەماوەی رابردوودا نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ بەرزبووەوە بۆ زیاتر لە هەرزار دینار و لە ئێستاشدا لیترێک بەنزینی نۆڕماڵ بە ٩٠٠ دینارە و لیترێک موحەسەن ١٠٢٥ دینار و لیترێک سوپەر ١١٠٠ دینار.













گەلەری