سەردێڕ:

وەزارەتی گەشتوگوزار لەبارەی گۆمی فێڵاوەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

PM:06:19:07/05/2022

7492 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ شەش گەڵابە خاشاکی هاوڵاتییانیان لە گۆمەکە کۆکردووەتەوە، کە لەلایەن هاوڵاتییانەوە بەجێهێڵراوە و بەمەبەستی پاراستی لە پیسبوون و شێواندن گۆمی فێڵاو خرایە ژێر چاودێرییەوە و ژمارەیەک چاودێری بۆ داندرا.


لە راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری هەرێمدا هاتووە، گۆمی فێڵاو کە دەکەوێتە سنوری قەزای چۆمان لە پارێزگای هەولێر، ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی پێشووتر ژمارەیەكی زۆر گەشتیاری ناوخۆ و عێراقی و بیانی سەردانییان کردووە.

دەشڵێت، بە مەبەستی پارستنی گۆمەكە لە پیسكردن و شێواندنی، بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری چۆمان ژمارەیەک چاودێری بۆ گۆمەكە دیاریكرد بۆ ئەوەی بە بەردەوامی چاودێری بكەن.

هەڵگورد محەمەد بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری چۆمان رایگەیاندووە، چەند رۆژێكە تیمەكانی گەشتوگوزاری چۆمان رۆژانە پرۆسەی خاوێنكردنەوە لە گۆمی فێڵاو بەڕێوە دەبەن، ئەمڕۆ شەممەش تیمەكان شەش گەڵابە پاشماوەی گەشتیارانیان لە گۆمی فێڵاو هەڵگرتووەتەوە.

وتیشی، داوا لە گەشتیاران دەکەن رەچاوی پاكوخاوێنی گۆمی فێڵاو و دەوربەری بكەن.

ئەمەش لەکاتێکدایە، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێم پێشتر رایگەیاند، "لە سێیەم رۆژی جەژندا زیاتر لە ٢٤ هەزار گەشتیاری ناوخۆیی و پارێزگاکانی عێراق روویان لە ناوچە گەشتیاری و هاوینەهەوارەکانی هەرێم کردووە".

ساڵانە لە بۆنە و جەژنەکاندا گەشتیارێکی زۆری ناوخۆیی و عێراق روو لەناوچە گەشتیارییەکان و هاوینەهەوارەکان دەکەن و بەمەش داهاتێکی زۆر دەست حکومەتی هەرێم دەکەوێت، لەگەڵ ئەوەشدا حکومەت هەنگاوێکی گرنگی نەناوە لە باشترکردنی کەرتی گەشتوگوزار و پەرەپێدانی تا چی دیکە تەنها پشت بەداهاتی نەوت نەبەستێت.













گەلەری