سەردێڕ:

تەندروستی هەولێر: گومان دەکرێت حاڵەتێکی پەتای خوێنبەربوون لەو پارێزگایە هەبێت

PM:02:14:07/05/2022

2420 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر رایگەیاند، تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی پەتای خوێنبەربوون لەو پارێزگایە تۆمار نەکراوە، تەنها گومان دەکرێت منداڵێک کە خەڵکی پارێزگای بەغدایە و بۆ چارەسەر رووی لە هەولێر کردووە تووشبووی پەتاکە بێت.


ئەمڕۆ شەممە، دلۆڤان محەمەد بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە پەتای خوێنبەربوون لە پارێزگاکەیان تۆمار نەکراوە.

ئاماژەی بەوەشدا، گومان دەکرێت منداڵێکی خەڵکی بەغدا کە بە مەبەستی چارەسەر رووی لە پارێزگای هەولێر کردووە تووشبووبێت و لەبەرئەمەش ئێستا لە ژێرچاودێری ورد دایە و چارەسەری پێویست وەردەگرێت.

لەبارەی پەتاکەشەوە، دلۆڤان محەمەد هۆشداریدا بەو کەسانەی کە مامەڵە لەگەڵ ئاژەڵدا دەکەن کە زیاتر وریابن و ئامرازی خۆپارێزی بەکاربهێنن.

ئەوەشی خستەڕوو، نیشانەکانی نەخۆشییەکە سەر ئێشە و سک ئێشە و رشانەوەن، بەڵام ئەمانە بەس نیین بۆ دیاریکردنی پەتاکە، چونکە ئەم نیشانانە لە نەخۆشیتریشدا هەن.

ئەمە لە کاتێکدایە، زیاتر لە هەفتەیەکە پەتای خوێنبەربوون لە باشور و ناوەڕاستی عێراق بڵاوبووەتەوە و بەهۆیەوە ٤٠ کەس توشبوون و لەو ژمارەیەش هەشت حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە. هەروەها، سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، زیاتر لە ٥٠% رێژەی کەیسەکان لە پارێزگای زیقار بوون.













گەلەری