سەردێڕ:

نزیکەی دوو هەزار عەمرەکاری هەرێم لە سعودییە بەهۆی خۆڵبارینەوە گیریان خواردووە

PM:01:47:07/05/2022

3252 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری حەج و عەمرەی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، هەزار و ٥٠٠ عەمرەکان لە شاری مەککە گیریان خواردووە کە لە رێگەی هێڵی ئاسمانی عێراقەوە گەشتییان کردووە و نزیکەی ٥٠٠ عەمرەکاری دیکەش کە لە رێگەی فلای بەغدادوە گەشتیانکردووە بەهۆی خۆڵبارینەوە لە سعودییە گیرییان خواردووە.


ئەمڕۆ شەممە، نیاز نەقشبەندی بەڕێوەبەری حەج و عەمرەی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، هەزار و ٥٠٠ عەمرەکاری هەرێم کە لە رێگەی هێڵی ئاسمانی عێراقەوە بەمەبەستی عەمرەکردن چوونەتە سعودییە بەهۆی خۆڵبارینەوە گیریان خواردووە.

ئاماژەی بەوەشدا، نزیکەی ٥٠٠ عەمرەکاری دیکە کە لە رێگەی هێڵی فلای بەغدادەوە گەشتی عەمرەیان کردووە بەهۆی خۆڵبارینەوە گیریان خواردووە و تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە بۆ هەرێم.

ئەوەشی خستەڕوو، دوێنێ بەهۆی خراپی کەشوهەوا و خۆڵبارینەوە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی مەدینە و جدە نۆ گەشت بۆ عێراق و هەرێم هەڵوەشێنراونەتەوە.

نیاز نەقشبەندی باسی لەوەشکرد، ئەو عەمرەکارانەی گەڕاونەتەوە هەرێم بەشێکیان گەشتەکانیان بەهیۆ خراپی کەشوهەواوە نۆ کاتژمێر دواکەوتووە.

لەبارەی گەڕانەوەی عەمرەکارانیش، بەڕێوەبەری حەج و عەمرەی هەرێم ئاشکرای کرد، پێدەچێت ئەو عەمرەکارانەی لە رێگەی هیڵێ ئاسمانی عێراقەوە دەگەڕێنەوە لە ماوەی یەک هەفتەدا بگەڕێنەوە هەرێم چونکە ژمارەیان زۆرە. ئە عەمرکارانەشی لە رێگەی هێڵی فلای بەغدادەوە دەگەڕێنەوە لە دوو سێ رۆژی داهاتوودا بگەڕيێنەوە هەرێم.

وتیشی، دوێنێ چوار گەشتی عەمرەکارانی فلای بەغداد گەڕاونەتەوە هەرێم.

ئەمە لەکاتێکدایە، بەهۆی ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی رووی لە ناوچەکە و عێراق و هەرێم کردووە، دەیان گەشتی عەمرەکارانی عێراق و هەرێم لە فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی سعودییە، بەتایبەتی مەکە و مەدینە و جدە هەڵوەشێنراونەتەوە و ژمارەیەک عەمرەکار بەهۆیەوە گیریان خواردووە.













گەلەری