بەڕێوبەری کەشناسی سلێمانی بەئێن ئاڕتی راگەیاند، شەپۆلی خۆڵبارین و بای بەهێز بە درێژایی ئەمڕۆ و سبەی بەردەوام دەبێت، بەڵام لە سبەینێدا کاریگەرییەکەی لاواز دەبێت.
ئاسۆ کەمال، بەڕێوبەری کەشناسی سلێمانی لە لێدوانێکیدا بۆ ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، شەپۆلی خۆڵبارین و بای بەهێز تا ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوام دەبێت و هەندێکجار تاوە باران و هەورەتریشقەشی لەگەڵ دەبێت.
ئەوەشیخستەڕوو: خۆڵبارین لە سبەینێشدا بەردەوام دەبێت، بەڵام کاریگەرییەکەی لاوازتر دەبێت.
دەربارەی رێژەی
باران بارین بۆ ئەمساڵ بەڕێوبەری کەشناسی سلێمانی ئاشکرایکرد،" ٤٣٠ ملیمەتر بووە
لە کاتێکدا ساڵی پار تا ئەم کاتانە رێژەی گشتی باران بارین ٤٠٥ ملیمەتر بووە".
ئەمە لە کاتێکدایە،
لە ماوەی رابردوودا شەپۆلێکی خۆڵبارینی بەهێز رووی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کردووەو
کەبەهۆیەوە زیاتر پێنج هەزار کەس رەوانەی نەخۆشخانەکان کراون و گەشتە ئاسمانییەکانی
فڕۆکەخانەکانی هەولێر، سلێمانی، بەغداو نەجەف چەند جارێک راگیراون.
هەر ئەمڕۆ، دەستەی گشتی کەشناسی عێراق راگەیەنراوێکی
بڵاوکردەوە و تیایداهاتووە، پێشبینی دەکرێت ئەو خۆڵبارینەی کە ناوچەکانی وڵاتی
گرتووەتەوە، تا رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە بەردەوام بێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، سەرەتای خۆڵبارینەکەی ئەمجارە لە پارێزگای
ئەنبار رۆژئاوای عێراق دەستی پێکردووە کە ئێستا پارێزگاکانی دیکەی گرتووەتەوە.
ماوەی چەند رۆژێکە خۆڵبارین بەچڕی ناوچەکانی باکور، باشور،
رۆژئاوا و رۆژھەڵاتی عێراقی گرتووەتەوە. دوێنێ ھەینی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی کەرکوک ئاشکرای کرد، بەھۆی
ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی کە پارێزگاکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە ٦٠ کەس بەھۆی هەناسە
توندییەوە گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکان.