لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکراوەتەوە تیایدا دەردەکەوێت، لە پارێزگای دیوانییە شۆفێرێک لە پۆلیسێکی هاتوچۆ دەدات و هەوڵدەدات هەڵبێت. هاتوچۆی گشتیش دەڵێت، "شۆفێرەکە دەستگیر کراوە".
ئەمڕۆ شەممە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لە هەندێ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکراوەتەوە کە تیایدا دەردەکەوێت شۆفێرێک لە کارمەندێکی هاتوچۆ دەدات و هەوڵدەدات هەڵبێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، شەوی رابردوو رێکەوتی ٦ی ٥ی
٢٠٢٢ رەزا فازل عەباس یەکێک لە کارمەندانی
هاتوچۆی پارێزگای دیوانییە کاتژمێر ١٠ و ٣٠ خولەک لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکەکەی و
بەمەبەستی رێکخستن و ئاسانکاری رەوشی هاتوچۆ یەکێک لە رێگاکانی بەربەستکردووە،
بەڵام شۆفێرێک بەشێوەیەکی مەترسیدار لە پۆلیسەکەی هاتوچۆ و ماتۆڕسکیلەکەی دەدات و
هەوڵدەدات هەڵبێت.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، شۆفێرەکە بە دووری ٢٠٠ مەتر لەشوێنی
رووداوەکە دوور دەکەوێتەوە، بەڵام بە هەوڵی مەفرەزەکانی پۆلیسی فریاکەوتن و هێزە
ئەمنییەکان توانیویانە شۆفێرەکە دەستگیربکەن و رادەستی دادگای بکەن.
هەر بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، پۆلیسەکەی هاتوچۆ لە
ئێستادا لەنەخۆشخانەیە و بڕیاریشە رێزلێنانی بۆ بکرێت.
لەبارەی زانیاری ئۆتۆمبێلەکەوە، راگەیەنراوەکەی
بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی عێراق ئاشکرای کردووە، ئۆتۆمبێلەکە لە جۆری نێترایە و تەکسییە و رەنگی پرتەقاڵییە و هەڵگر
ژمارە ١٩٤٨ی پارێزگای نەجەفە.