سەردێڕ:

وەزارەتی تەندروستی عێراق: هەشت حاڵەتی گیانلەدەستدان بە تای خوێنبەربوون تۆمار کراوە

PM:11:47:06/05/2022

4044 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، تا ئێستا هەشت حاڵەتی گیانلەدەستدان و ٤٠ توشبوی تای خوێنبەربوون لە سەرتاسەری وڵاتدا تۆمارکراون. دەشڵێت، "لەو ژمارەیەش زیاتر لە ٥٠% یان لە پارێزگای زیقار بوون".


ئەمڕۆ هەینی، سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە،، تا ئێستا ٤٠ توشبووی تای خوێنبەربوون لە عێراق تۆمارکراون کە زیاتر لە ٥٠٪ یان لە پارێزگای زیقار بوون.

ئاماژەی بەوەشداوە، لەو ژمارەیە تا ئێستا هەشت حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە تۆمارکراون کە پێنج حاڵەتیان لە پارێزگای زیقار تۆمارکراون.

سەیف بەدر ئەوەشی خستووەتەڕوو، وەزارەتی تەندروستی چاودێری هەموو حاڵەتێکی توشبوون و گومانلێکراوانی نەخۆشییەکە دەکات، هەربۆیە تاقیگەی پزیشکی تایبەت بە دیاریکردنی ئەو نەخۆشییەی دابینکراوە.

دەشڵێت، ئەگەر نەخۆشییەکە لە سەرەتادا دیاریبکرێت ئەوا چارەسەرەکەی ئاسانتر دەبێت و بەپێچەوانەشەوە ئەگەر خوێن لەژێر پێستیدا بڵاوبوبێتەوە بەهۆی درەنگ وەرگرتنی چارەسەری، ئەگەری گیانلەدەستدانی زیاترە.

تای خوێنبەربون، "پەتایەكی ڤایرۆسیی"ە واتە گوازراوەیە، بەهۆی تێكەڵاوبون و لەڕێی ئاژەڵ و مێش و مەگەزەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، هەروەها لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤیش دەگوازرێتەوە.

بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی و وەزارەتی تەندروستی عێراق لە نیشانەكانی تای خوێنبەربون، دڵ تێكهەڵاتن و رشانەوە، ئازاری جومگەكان، سكچون، تا، هیلاكی و لاوازی.

هەروەها، چەند نیشانەیەكی نەخۆشییەكە دەریدەخات كە مەترسی لەسەر ژیانی توشبووەكە هەیە، وەک خوێنبەربونی ژێر پێست، دروستبوونی كێشە لە دەماغ، بێهۆشبوون، لەكاركەوتنی گورچیلە، دروستبونی كێشەی هەناسەدان و لەكاركەوتنی جگەر.

لە دیارترین رێگەی گواستنەوەی پەتای تای خوێنبەربوون، كاركردن یان تێكەڵبون لەگەڵ كەسانی توشبوو، سەربڕین و خواردنی ئاژەڵی توشبوو، بەكارهێنانی دەرزیی و ئامێری بەكارهاتوی کەسی توشبوو و سێكسكردن لەگەڵ كەسانی توشبوو بەبێ خۆپارێزی.

هەروەها، مێش و مەگەز، جرج و مشك، شەمشەمەكوێرە و گەنە هۆكاری سەرەكی بڵاوبونەوەی تای خوێنبەربونن، لەگەڵ مرۆڤی توشبوش.

بەپێی رێنماییەكانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی و وەزارەتی تەندروستی عیراق، بۆ خۆپارێزی لە تای خوێنبەربوون پێویستە گۆشت بە باشی دابپۆشرێت و بیپارێزرێت لە مێش و مەگەز، دوركەوتنەوە و خۆپارێزی لە كەسانی توشبوو، بە باشی پاككردنەوەی سەتڵی خۆڵ و خاشاك و داپۆشینی، لەگەڵ دانانی تەلمێش بۆ دەرگا و پەنجەرە.

هاوکات، وەزارەتی تەندروستی عێراق و رێكخراوی تەندروستی جیهانی، رێنمایی هاوڵاتییان دەكەن چیمەنی ماڵەكانیان ببڕن، لە پێناو رێگریی لە مێش و مەگەز و بڵاوبونەوەیان.













گەلەری