سەردێڕ:

گەنجێکی کورد بە ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی لەندەن هەڵبژێردرا

PM:09:58:06/05/2022

12416 جار خوێندراوەتەوە

گەنجێکی هەرێمی کوردستان کە خەڵکی قەزای حاجیاوایە، وەک کاندیدی پارتی کرێکارانی بەریتانیا توانی لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانی لەندەن سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.


ئەمڕۆ هەینی، سەرباز عەلی بەرزنجی لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی بەریتانیا بۆ شارەوانیەکان لە شاری لەندەنی پایتەختی ئەو وڵاتە سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.

سەرباز عەلی کاندیدی پارتی کرێکارانی بەریتانیابوو لە بازنەی لامبێس کە دەکەوێتە سەنتەری شاری لەندەنی پایتەختی ئەو وڵاتەوە.

کەمێک پێش ئێستا دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان، سەرباز عەلی توانی سەرکەوتنی گەورە بە دەستهێنێت و وەک کاندیدی پارتی کرێکاران لە بازنەی لامبێس بووە ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی شاری لەندەن.

سەرباز عەلی بەرزنجی لە گوندی مەمەنداوە لە ناحیەی بنگرد لە دایکبووە. ماوەی ٢٠ ساڵە دانیشتووی وڵاتی بەریتانیایە و بڕوانامەی دکتۆرای لە ئەندازیاری بیناسازیدا هەیە و مامۆستایە لە زانکۆی لەندەنە.

ئەمە لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی سکۆتەلەندا، رۆزا ساڵح، کە کچە کوردێکی باشوری کوردستانە و کاندیدی پارتى نەتەوەیى سکۆتلەندا بوو لە شاری گلاسگۆ توانیویەتی وەک یەکەم پەنابەر سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکاندا بۆ خۆی مسۆگەر بکات و دەنگی یەکەم بەدەستبهێنێت.

رۆزا ساڵح بە ماڵپەڕی زە ناشناڵی بەریتانی راگەیاند، زۆر دڵخۆش و خۆشحاڵە و ئەمڕۆژە بە رۆژێکی مێژووی دەزانێت بۆ خۆیی و بۆ زۆرێک لە خەڵکی کە متمانەیان پێکردووە.

دەشڵێت، "ئێمە ئەمڕۆ لێرەین لە پێناو داهاتووی سکۆتلەندا و سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەم جارێکی دیکە متمانەیان بە من و پارتەکەم کردووەتەوە".













گەلەری