بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی کۆیە رایگەیاند، لە ئەنجامی پێکدادانی مینی پاسێک و ئۆتۆمبێلێکی تایبەت ١٦ کەس برینداربوون. دەشڵێت، "برینی هەندێکیان سەختە و رەوانەی نەخۆشخانەکانی هەولێر دەکرێن".
ئەمرۆ هەینی، بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی کۆیە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، محەمەد تەحسین ئێشکگر لە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان پێی راگەیاندوون، ئەمڕۆ بەرواری ٦ی ٥ی ٢٠٢٢ لە رێگەی ناحیەی سکتان نزیک گوندی گردگۆران پێکدادان لە نێوان نیسان پیک ئاپێک و و مینی پاسێکدا روویدا.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە
ئەنجامی رووداوەکە شۆفێری نیسان پیک ئاپەکە
و ١٤ خوێندکاری زانکۆی کۆیە و شۆفێری مینی پاسەکە برینداربوون.
دەشڵێت، بریندارەکان لە نەخۆشخانەکانی
کۆیە و رانیەن و بەهۆی سەختی برینەکانیان بەشێکیان رەوانەی پارێزگای ھەولێر دەکرێن.
ئەمە لەکاتێکدایە، دوانیوەڕۆی
ئەمڕۆ ژمارەیەک خوێندکاری زانکۆی کۆیە بەمەبەستی دەستپێکردەنەوەی خوێندنی زانکۆیان
دوا بەدوای کۆتاییهاتنی پشووەکانی جەژنی رەمەزان گەڕانەوە بۆ قەزای کۆیە و لە رێگادا
رووداوی پێکدادان لە نێوان مینە پاسەکەیان و ئۆتۆمبێلێکی جۆری نیسان روویدا.
رووداوەکانی هاتوچۆ بە یەکێک
لە هۆکارە سەرەکییەکانی گیان لەدەستدان و برینداربوون یان کەمئەندامبوون دادەنرێت
لە هەرێم، کە بەشێکی پەیوەندی بە خراپی رێگاوبان و کوالێتی رێگاوبانەکانەوە هەیە و
بەشێکیشیان پەیوەندی بە پابەندنەبوونی شۆفێران بە خێرایی دیارکراو و رێنماییەکانی
هاتوچۆوە هەیە.