خاوەنی ئەو زەوییەی بە زەوی گوڵاڵە سورەکانی رانیە ناسراوە بۆ ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی زەوییەکە لەلایەن هاوڵاتییانەوە شێوێندراوە، هاوڵاتییانی گوندەکە کێڵاویانە و ئەگەری هەیە بیکەن بە ترۆزی.
شوان خاوەنی زەوییەکەیە و لە لێدوانێکدا بۆ ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، سەردانکردنی هاوڵاتیان بە شێوەیەکی زۆر بوو کە ئاستەنگی بۆ دانیشتووانی گوندەکە دروستکردبوو و شەوانەش خەڵک دەچوونە ناوییەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد،
هاوڵاتیان بە شێوەیەک چووبوونە ناو گوڵاڵە سورەکان کە زیانیان لە دەغڵ و دانی
چواردەورەکەشی دابوو، بەوهۆیەوە خەڵکی گوندەکە بڕیاری کێڵانەوەی زەوییەکەیان داوە.
ئەوەشی خستەڕوو، کێڵانەکە
لەسەر داواکاری خەڵکەکە بووە و ئەویش رازی بووە، بۆیە خەڵکەکە هەستاون بە
کێڵانەوەی.
باسی لەوەشکرد، لە هەندێک
شوێن باس لە داوای یاسایی دەکرێت ئەگەر شتی واهەبوو، حکومەت دەتوانێت لێکۆڵینەوە
بکات کە چەند زیان بە دەغڵ و دان و بەرهەمەکانی چواردەوری گەیشتووە.
ئەوەش دوای ئەوە دێت، لە
نزیک گەناوی قوڕەگۆ لە دەڤەری راپەڕین، پارچەیەک زەوی بەشێوەیەکی چڕ گوڵاڵەسوری
لێڕوابوو و ئەوەش سەرنجی گەشتیارانی راکێشابوو و هاوڵاتیان بۆ گەشت و سەیران
دەچوونە ئەو ناوچەیە و رەسمیان لەلای گوڵاڵە سورەکان دەگرت، بەڵام بەهۆی
سەردانکردنی زۆرەوە و دروستبوونی قەرەباڵغی بەشێکی زەوییەکان و دەغڵ و دانی
ناوچەکە شێوابوو.
باخان تۆفیق، رانیە
هـ.ئـ