سەردێڕ:

کەشناسی: رەشەبا و تاوە باران و بروسکە ئەم شارانە دەگرێتەوە

PM:12:35:06/05/2022

79116 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی رایگەیاند، لە شارەکانی سلێمانی و کەرکوک و هەڵەبجە خێرایی با لەمڕۆدا بەشێوەیەکی بەرچاو چالاک دەبێت و خێراییەکەی لە نێوان ٢٠ بۆ ٣٥ کیلۆمەتر لە هەر کاتژمێرێکدا دەبێت و لە پارێزگای هەولێریش ئەگەری هەورەبروسکە و تاوەباران هەیە و تۆز و خۆڵ لە هەوادا دەبێت.


بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێمی کوردستان، ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە ئەمڕۆش کاریگەرییەکەی بەردەوامی دەمێنێت و کەشناسی عێراقیش دەڵێت شەپۆلێکی بە‌هێزتری خۆڵبارین ناوچەکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق دەگرێتەوە.

هاوکات، کەشناسی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەی شارەکانی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردووەتەوە و بەم جۆرەیە:

پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ ئاسمان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی نمەبارانی پچر پچر و بارانی مامناوەند، هەندێک جار هەورەبروسکە و تاوەباران دەبێت لە هەندێک ناوچە و ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆز وخۆڵ هەیە، سبەینێش ئاسمان نیمچە هەور دەبێت و هەندێک کات دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو لەگەڵ بارینی نمە باران و لە ناوچە شاخاوییەکان ئەگەری تاوە باران دەبێت، لەگەڵ بوونی تۆز و خۆڵ لە هەوادا.

پارێزگای سلێمانی، ئاسمان پەڵە هەور و نیمچە هەور دەبێت، لە هەندێک ناوچە هەوری تەواو دەبێت لەگەل ئەگەری نمەباران و بوونى تۆز و خۆڵ و زیادبوونی خێرایی با کە زیاتر دەبێت لە ٢٠ بۆ ٣٥ کیلۆمەتر لە هەر کاتژمێرێکدا، سبینێش ئاسمان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی نمە باران، لە ناوچە شاخاوییەکان ئەگەری تاوە باران دەبێت و تۆز و خۆڵ بەردەوامی دەبێت خێرایی با کەمێک کەمتر دەبێتەوە و دەبێتە ١٥ بۆ ٣٠ کیلۆمەتر لە هەر کاتژمێرێکدا.

هەڵەبجە، ئاسمان پەڵە هەور و نیمچە هەور دەبێت، لەگەڵ بوونى تۆز و خۆڵ و زیاد بوونی خێرایی با کە زیاتر دەبێت لە ١٥ بۆ ٣٥ کیلۆمەتر لە هەر کاتژمێرێکدا و سبەینێش، ئاسمان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی نمەباران، لە ناوچە شاخاوییەکان ئەگەری تاوە باران هەیە، لەگەڵ بونی تۆز و خۆڵ.

لە پارێزگای دهۆکیش، ئاسمان نیمچە هەور و هەوری تەواو دەبێت لەگەل بارینی نمەباران و بارانی مامناوەند و لە هەندێک ناوچە بە تایبەت ناوچە شاخاوییەکان هەورەبروسکە و تاوە باران دەبێت، سبەینێش بە هەمان شێوەی ئەمڕۆ دەبێت.

لە پارێزگای کەرکوکیش، ئاسمان نیمچە هەور دەبێت لەگەڵ ئەگەری نمەباران و زیادبوونی خێرایی با و بوونى تۆز و خۆڵ لە کاتەکانی دوایی نیوەڕۆ دا و زیادبوونی خێرایی با کە زیاتر دەبێت لە ٢٠ بۆ ٣٥ کیلۆمەتر لە هەر کاتژمێرێکدا، سبەینێش ئاسمان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەبێت لەگەل بارینی نمە باران و خێرای با لەنێوان ١٠ بۆ ٢٠ کیلۆمەتر دەبێت لە هەر کاتژمێرێکدا.













گەلەری